ترەمپ زیادەی پێناسەی گومرگی بۆ سەر کاڵای چینی دوادەخات

تا 15 ئۆکتۆبەر دواى دەخات

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، زیادەی پێناسی گومرگی بۆ سەر کاڵای هاوردەکراوی چینی تا 15 ئۆکتۆبەر دوا دەخات.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمه‌ریکا پێناسی گومرگی بۆ سەر 250 ملیار دۆلار کاڵای هاوردەکراوی چین زیاد کرد، بەڵام جێبەجێکردنەکەی وەک نیاز پاکیەک لە دەسپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵات دواخست، کە بڕیارە سەرەتاکانی مانگی داهاتوو لە واشنتن دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، لە توویتێکیدا رایگەیاند، "لەسەر بنەمای داواکاری جێگری سەرۆک وەزیرانی چین، هەروەها بە هۆی ساڵیادی 70 ساڵەی دامەزرانی کۆماری چین، لە یەکی ئۆکتۆبەر، بڕیارماندا وەک نیازپاکیەک زیادەی پێناسی گومرگی بە رێژەی 25 بۆ 30 لە سەدا بە سەر کاڵای 250 ملیار دۆلاری بۆ 15 ی تشرینی یەكەم دوابخەین".

هاوکات چینیش لە هەوڵی بەردەوامدایە خۆی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگی بازرگانی بە دوور بگرێت، بەر لەوەی واشنتن پێناسی گومرگی بۆ سەر 16 کاڵای هاوردەکراوی ئەمه‌ریکا هەڵگرت.