ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو په‌لاماری كه‌مپێكی خێزانه‌كانی داعش ده‌ده‌ن

"له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا ئه‌مه‌ سێیه‌م هێرشی له‌م جۆره‌یه"

K24- هه‌ولێر:

له‌ قه‌زای شه‌رگات ژمارەیەك چەكداری نەناسراو پەلاماری كەمپێكی تایبەت بە نیشتەجێکردنی خێزانەكانی داعش دەدەن.

نوعمان جبووری, ئەفسەر لە پۆلیسی سەڵاحەددین، رایگەیاند، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو پەلاماری كەمپێكی قەزای شەرگاتی باكووری پارێزگای سەڵاحەددینیان داوه‌، كە خێزانەكانی چەكدارانی داعشی تێدا نیشتەجێكراون.

جبووری، ئاشكرایكرد، لە كاتی پەلاماردانەكەدا شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و چەكدارەكان روویداوە و لە ئاكامدا، سەربازێك برینداربوو، بەڵام خێزانەكانی چەكدارانی داعش هیچ زیانێكیان بەرنەكەوتووە.

ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشداوە، لە ماوه‌ی ١٠ رۆژدا، ئەمە سێیەم جارە پەلاماری كەمپەكە دەدرێت.

لە دوو هەفتەی رابردوودا، كاربەدەستانی عێراق سەدان خێزانی چەكدارانی داعشیان لە كەمپی ئاوارەكان لە شاری مووسڵەوە گواستووەتەوە بۆ كەمپێكی دیكەی قەزای شەرگات.

H.B