گۆڕان بڕیار لەسه‌ر كاندیدەكانی دەدات

"دوو راسپاردەی سەرەكی ئاراستە جڤاتی نیشتمانی كراون"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

چاوه‌ڕوان ده‌كریت ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ یەكلا كردنەوەی كاندیدەكانی حزبەكەی بۆ حكوومەت، كۆببێتەوە و بڕیار لەسەر راسپاردەكانی جڤاتی گشتیی حزبەكەی بدات.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان كۆببێتەوە و تاوتوێی راسپاردەكانی جڤاتی گشتی بكات، كە لە كۆبوونەوەی دوێنێیدا، دوای گفتوگۆ بۆ دیاركردنی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ كابینەی نوێی حكوومەت ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی كراون.

پێشتر كوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24ی راگەیاندبوو: "دوو بابەتمان كردووە بە راسپاردە بۆ جڤاتی نیشتمانی، یەكەمیان میكانیزمی دانانی بەربژێرەكان، كە چەند خاڵ و بڕگەیەك لە خۆ دەگرێت. دووەمیان ئەو تایبەتمەندییانەی، كە دەبێ لە بەربژێرەكاندا ھەبن، بەڵام تا نه‌بێته‌ بڕیار، ناوەڕۆكی خاڵەكان ئاشكرا ناكه‌ین".

ئاشكراشی كرد: "لەناو بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە 500 سیڤی بۆ 60 پۆست لە كابینەی نوێی حكوومەت پێشكەش كراون".

گوتیشی: "داوای پۆستی زیادمان نەكردووە و ئەوەی پێماندراوە ئیستحقاقی خۆمانە، رەنگە لە كابینەی 8 زوڵممان لێ كرابێت، كە دەبوایە جێگری سەرۆكی حكوومەت ئەوكات بدرابوایە بە گۆڕان، بەڵام ئێستا بۆ كابینەی داھاتوو، زوڵممان لێ نەكراوە".

كوێستان محەمەد، راشیگەیاند: "ئێمە نیگەرانین لە دواكەوتنی پێكھێنانی حكوومەت، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە یەكێتییەوە ھەیە، كە تا ئێستا لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن".

ھ.م