27 ساڵ بەسەر یەكەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێدەپەڕێت

به‌ گرافیك.. په‌رله‌مانی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای له‌دایكبوونییه‌وه‌ تا دوا خولی كاركردن
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

27 ساڵ بەسەر یەكەمین خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕێت، كە سەرەتایەكی گرنگ بوو لە قۆناخێكی نوێی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، به‌وه‌ی كورد سەلماندی كه‌ توانای خۆبەڕێوەبردنی ھەیە و لە پرۆسەی دیموكراسیشدا پێشەنگی ناوچەكەیە.

لە یەکەم ھەڵبژاردندا پارتی بە ٥١ کورسی، براوەی ھەڵبژاردنەکە بوو، یەکێتیش بە ٤٩ کورسی دووەم بوو، دواتر پارتی لە کورسییەکی خۆی بۆ یەکێتی خۆش بوو، پێکھاتەکانیش خاوەنی ٥ کورسی بوون، له‌م باره‌یه‌وه‌ جەمال قاسم, سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتاران شاھێدی ئەوە دەدات, کە پەرلەمانی خولی یەکەم لەچاو خولەکانی دیکە، جیاواز بوو.

خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی ١٠٥ کورسی بوو، دواتر بۆ ١١١ کورسی زیاد کرا، تەمەنی خولی یەکەم ١٣ ساڵ بەردەوام بوو، کە بە درێژترین خولی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دادەندرێت.

لە ھەڵبژاردنی ١٩/٥/١٩٩٢دا، نزیکەی یەك ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان کرد، لە بەرامبەردا و لە کۆتا ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستاندا، رێژەی دەنگدەران بۆ سەرووی ٣ ملیۆن دەنگدەر بەرز بووەوە.

لە یەکەم ھەڵبژاردندا زۆرینەی خەڵك بەشدارییان کرد، به‌ڵام لە ھەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨دا رێژەی دەنگدان لەسەدا ٥٩ بوو.

لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢دا، لە ١٠ لیستی بەشداربوو، تەنیا ٣ لیست بۆ پەرلەمان سەرکەوتن، به‌ڵام لە دوا ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستاندا لە ٣٨ قەوارەی بەشدار، ١٦ قەوارە گەیشتنە پەرلەمان.

تا خولی سێیەم ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستاندا نەبوو، لە ٣ خولی دوايىدا ئۆپۆزسیۆن دروست بوو.

گەنجترین پەرلەمانتاری خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرکیس ئاغاجان بوو لە فراکسیۆنی پارتی, کە ئەوکات تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو، لە بەرامبەردا حەسەن کانەبی بلباس لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە ٧٢ ساڵ بە تەمەنترین پەرلەمانتاری خولەکە بوو.

بچووکترین پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، سارا دڵشادە لە فراکسیۆنی پارتیی گەشەپێدانی تورکمانی, کە 1992 لەدایك بووە، گەورەترین پەرلەمانتاری خولەکەش، ریڤینگ ھرورییە لە فراکسیۆنی پارتی بە ٦٨ ساڵ.

لە خولی یەکەمدا، کەسی یەکەمی حیزبەکان لە ریزی پێشەوەی پەرلەمان بوون، تاوەکو ھەڵبژاردنی دووەم، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجام درا. بۆیه‌ پەرلەمانتارانی خولەکانی پێشووی پەرلەمان پێشنیاز دەکەن، جارێکی دیکە کەسانی بڕیاربەدەستی لایەنەکان بێنەوە پەرلەمان و یاسای ھەڵبژاردن لە بازنەی کراوە بۆ بازنەی داخراو ھەمووار بکرێتەوە، کە خولی یەکەم و دووەم بەو شێوەیە بووە.

یەکەم ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، بە یەکەم بەرھەمی راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ ی خەڵکی کوردستان دادەندرێت، کە بە رای بەشێك لە لایەنە سیاسییەکان، سیستەمی سیاسیی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بە بوونی سەرجەم دامەزراوە دەستووریەکانییەوە، بەرھەمی ئەو ھەڵبژاردنەیە.

H.B