كەمكردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق كۆمپانیا رووسییەكان ناگرێتەوە

"رێككەوتنێكی ئۆپێك پڵەس لە كەمكردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت دووریاندەخاتەوە"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، كۆمپانیاكانی لوك ئۆیڵ و گازپڕۆم-ی رووسی بەدەر دەبن لە كەمكردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت.

بەگوێرەی ئاژانسی تاس-ی رووسی، سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە ھەردوو كۆمپانیای لوك ئۆیڵ و گازپڕۆمی رووسی، بەگوێرەی رێككەوتنێكی وڵاتانی ئۆپێك پڵەس، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیان لە پڕۆژەكانی عێراق كەمناكەنەوە.

غەزبان ئاماژەی بەوەشدا، كەمكردنەوەی نەوتەكە تەنیا لەو كێڵگە نەوتییانە دەبێت كە لەلایەن كۆمپانیا عێراقییەكانەوە بەڕێوەدەبردرێت و ئەو پڕۆژانەی كە كارەكانی لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیا رووسییەوە بەڕێوەدەبردرێت، كەمكردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت نایانگرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە كۆمەڵەی ئۆپێك پڵەس رایگەیاند، كە جارێكی دیكە ئاستی بەرھەمھێنانی كەمدەكەنەوە بەجۆرێك دەگاتە 500 ھەزار بەرمیل رۆژانە.