عەرەبە سوننەكان لە كەركووك خۆیان رێكدەخەن

بەرەیەكیان راگەیاند
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

عەرەبە سوننەكان لە كەركووك بەرەیەكیان راگەیاند، ئەنجوومەنی سیاسی لە کەرکووك کە لە 12 حیزب و کەسایەتی عەرەبی سوننە پێکهاتووە. بە وتەی سەرکردەکانی ئەو ئەنجوومەنە، ئەوان دەیانەوێت کار بکەن بۆ نزیککردنەوەی کورد و عەرەب و تورکمان،  چونکە وەک خۆیان باس دەكەن، ئەو دۆخه‌ی کە ئێستا لە کەرکووك ھەیە، بەردەوام نابێت و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ئەو ئەنجوومەنە ناویان لەخۆیان ناوە بەرەی یەکگرتووی عەرەب، پێکهاتەکانی ئەو ئەنجوومەنە کۆمەڵێک کەسایەتی عەرەبی سوننەن، خۆیان دەیانەوێت خاڵە هاوبەشەکان لەگەڵ کورد بکەنە بنەمایەك بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی شارەکە.

نازم شەمەری، گوتەبێژی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەنجوومەنی عەرەبی كاردەكات بۆ یەكپارچەیی خاكی عێراق، دەمانەوێت لەگەڵ پێكھاتەكانی دیكە گفتوگۆی جدی لەسەر ئایندەی كەركووك بكەین، مەبەستمانە خەڵكی ئەم شارە بەشداربن لە بڕیاری سیاسیی".

لەدوای 16ی ئۆکتوبەرەوە 32 هێزی سیاسی عەرەبی سوننی لە كەركووك یەکیان گرتووە، ئەوانیش ناویان لەخۆیان نا ئەنجوومەنی سیاسی عەرەب، ئێستا وەک مەرجەعی سیاسی عەرەب لە شارەکە خۆیان پێناسە دەکەن.

حاتم تائیی، سەرکردە لە ئەنجوومەنی سیاسی عەرەبی بە كوردستان24 گوت: "ئەنجوومەنی عەرەبی ناسراوە و ساڵانێكە كار بۆ یەكگرتووی گوتاری عەرەبی دەكات، لە ئەنجوومەنەكەمان خەڵكێك ھەیە پۆستی ئیداری باڵایان ھەیە، ھەروەھا ھەندێك نوێنەرانمان ھەن لە ئەنجوومەنە خۆجێییەكانن، بۆیە دواجار بڕیاری سیاسی عەرەبی لای ئێمە دەبێت".

بەشێوەیەکی گشتی عەرەبە سوننەکان هیچ کاتێك وەك ئێستا خاوەن پلەو پۆستی ئیداری نەبوونە لە كەركووك، ئەوان لەکۆی 42 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا خاوەن شەش کورسین، بەڵام کەسی یەکەم شارەکە لەسەر بڕیاری بەغدا لەو پێکهاتەیە.