وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خامنەیی بە دووڕوو ناودەبات

"لەبەر نەوتەکەی، خامنەیی بێدەنگە بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی چین دەرهەق بە مووسوڵمانان"

K24- هه‌ولێر:

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئایەتوڵا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بە دووڕوو دەزانێت بەوەی بێدەنگە بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانی مووسوڵمانان لەلایەن وڵاتی چینەوە.

لە هەژماری خۆی و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، خامنەیی بە دووڕوو ناودەبات و نووسیویەتی: "ئایەتوڵا خامنەیی خۆی وەک سەرۆکی جیهانی ئیسلامی نیشاندەدات، بەڵام رژێمەکەی بێدەنگە بەرامبەر بە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی سەدان هەزار مووسوڵمان لە چین بەوەی چین یەکێکە لە کڕیارە گەورەکانی نەوتی ئێران".

مانگی رابردوو نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، نزیکەی یەک ملیۆن لە خەڵکی کەمینەی ئویغر لە چین بە زۆر دەبردرێنە چەندین کامپی جیاواز و لەو کامپانەدا بیرشۆریان بە زەبری ئەشکەنجە بەسەردا دەسەپێندرێت و ناچار دەکرێن واز لە بیری ئیسلامی خۆیان بهێنن.

پێشتریش رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی ئاشکرایکردبوو، ئیدارەی ترەمپ بیر لە سزای ئابووری سەر وڵاتی چین بەهۆی ئەو "کامپە فێرکاریانە" کە بۆ مووسوڵمانان دروستکراون دەکاتەوە ئەگەر بێتو چین ئەو کارەی کە لە ژێر ناوی "بەرەنگاری دژی تووندڕەویی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی" ئەنجامیدەدات، رانەگرێت.

ئویغورەکان بەشێکن لە هۆزە پەرتەوازەکانی گەلانی مەنگۆل و بە زۆرینە مووسڵمانی سوننەن، ئێستا نزیکەی 10 ملیۆنیان لە وڵاتی چین دەژین، بەڵام لە رابردوودا، چەندین راپۆرتی جیاواز لەبارەی هەوڵی حکوومەتی چین بۆ گۆڕینی بیری ئیسلامی ئویغورەکان بڵاوکراوەتەوە، بەڵام زۆرێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان بەرامبەر بە دۆزی ئەو مووسوسڵمانانە بێدەنگیان هەڵبژاردوووە.

H.J