كوردستان ده‌بێته‌ سه‌نته‌رێكی ترانزێتی بازرگانی له‌ ناوچه‌كه‌

ئابووری كوردستان روو له‌ گه‌شه‌یه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمپانیا بیانيیه‌كان و هاتنی شاندی ئابووری وڵاتان بۆ هه‌رێمی كوردستان، وایكردووه‌ هه‌رێم ببێته‌ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ وڵاتانی رۆژئاوا له‌ رووی بازرگانیكردن له‌ ناوچه‌كه‌ و شاره‌زایانیش پێشبینی ده‌كه‌ن ئابووری كوردستان له‌ نیوه‌ی دووه‌م ئه‌مساڵ گه‌شه‌ به‌خۆیه‌وه ببینێت، ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ڕوو  كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ سه‌نته‌رێكی تڕانزێتی بازرگانیكردن له‌ناوچه‌كه‌دا.

جێگیربوونی دۆخی سیاسی و ئابووری، جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان کردە ئامانجی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، لە چەند مانگی رابردوودا دەیان شاندی بازرگانی وڵاتانی پیشەسازی گەورەی جیهانی سەردانی هەرێمیان کردووە.

ئەوان هەرێمی کوردستان بە دەستپێک و جێگرەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەم و براندەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێن.

بازرگان و وەبەرهێنەران چاویان لە دەستپێکردنەوەی جووڵەی ئابوورییە، بەو پێیەی تەواوی سێکتەرەکان رێڕەوی خۆیان وەردەگرن و ده‌رفه‌ته‌كانی وەبەرهێنانیش بۆ وەبەرهێنەران زیاد دەبێت.

پارێزگاریکردن لە سەقامگیری ئابووری هەرێمی کوردستان لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتە و ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەکارهێنانی کوردستان وەك ترانزێتی بازرگانی لە ناوچەکە و رێژەی دڵنیاییش لای وەبەرهێنە بیانییەکان زیاد دەکات.

ئ. م