"رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە"

وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ شاندی حكوومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتین

K24 - ھەولێر   

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، لەگەڵ شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رێككەوتوون و لە سەرەتای ساڵی داھاتوو رێككەوتنەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە نوێترین لێدوانی بۆ رۆژنامەی سەباحی عێراقی ئاشكرایكردووه‌ حکوومەتی ناوەند هیچ گومانێکی لەسەر ژمارە و داتاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ره‌تایی ساڵی داهاتووه‌وه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

دوای سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەبارەی پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتوو و گه‌یشتنیان به‌ رێککەوتن و ره‌زامه‌ندی هەرێمی کوردستان له‌سه‌ر فرۆشتنی بەشێک لە نەوتەکەی له‌رێگای به‌غداوه‌. وەزیری نەوتی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت "لە دوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرۆکی بابەتەکان لەسەر پڕۆژە بودجەی 2020 بووه‌ و هەروەها رێوشوێنەکان بۆ دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا".

غەزبان دەشڵێت "هەولێر و بەغدا پەرۆشن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت".

لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەی سەباح وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: "بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل رۆژانە و بەشێکی زۆری هەناردە دەکرێت، و هاوکات بۆ ئەوەی پابەندی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بین لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان داوامان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لەو بڕە زیاتر نەوت بەرهەم نەهێنێت".

روونیشیکردەوە: "لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە 250 هەزار بەرمیلی لە رێگەی بەغداوە دەفرۆشێت، و رێککەوتنەکە لە دەستپێکی ساڵی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

سامر غەزبان، ئاشكراشی ده‌كات: "بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق رۆژانە چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە رۆژانە، و قەبارەی هەناردەش سێ ملیۆن و 880 هەزار بەرمیلە رۆژانە، کە 250 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیش بەشێک دەبێت لەو بڕەی عێراق هەناردەی دەکات، و هەولێر و بە‌غدا بەو رێککەوتنە گەرەنتی پابەندبوونی خۆیان دەکەن لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس کە مەبەست لێی هاوسەنگی بازاڕی نەوتی جیهانییە".

بە گوێرەی رێککەوتنەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پابەندی هەولێر بە فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل رۆژانە لە رێگەی بەغداو و دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.6%ا لە پڕۆژە بودجەی عێراق.

ھ.م