توێژینەوەیەک مەترسییە دەروونییەکانی سەر هاندەرانی تۆپی پێ ئاشکرا دەکات

"هاندەرە سەر سەختەکان" مەترسی زۆریان لەسەرە

K24 – هه‌ولێر:

زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی لە توێژینەوەیەکی ئاشکرایکرد، ئەو کەسانەی هاندەری یاری تۆپی پێن و بە پەرۆشەوە تەماشای یاری یانە دڵخوازەکەیان دەکەن، فشارێکی دەروونی زۆریان هەیە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەکان، رێژەی دەردانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ کە لەشی مرۆڤ لە وەڵامی فشاری زۆر دەریدەدات، دەگاتە ئەستێکی یەکجار بەرز.

هەروەها ئەوەش ئاشکراکراوە، لە کاتی شکستی یانەکانیان، هاندەران فشاری خوێنیان بەرزدەبێتەوە.

هەر بەگوێرەی توێژینەوەکە، ئەو کەسانەی بە پەرۆشەوە تەماشای یارییەکان ناکەن یاخود "هاندەری سەر سەخت" نین، هەر فشاریان دەبێت، بەڵام فشارەکەیان جێی مەترسی نییە.

توێژینەوەکە لەسەر چەند هاندەرێکی تۆپی پێ لە پێش و لە دوای یارییەکان کراوە، ئەوە ئاشکراکراوە کە ئەو جۆرە دۆخە رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ.

The Independent