رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی: تره‌مپ تووڕه بووه و كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی ئیندیپێندێنتی به‌ریتانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه بڵاویكرده‌وه، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له په‌راوێزی لووتكه‌ی وڵاتانی ناتۆ له له‌نده‌ن، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه و تووڕه بووه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، هۆكاری تووڕه‌بوونی تره‌مپ، دزه‌كردنی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی سه‌ركرده‌ی چه‌ند وڵاتێكه، كه به گاڵته‌وه باس له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی تره‌مپ ده‌كه‌ن.
له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا، هه‌ریه‌ك له ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌نده‌ن و جه‌ستن ترودۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ده‌رده‌كه‌ون، كه له كۆشكی باكینگهام گفتوگۆ ده‌كه‌ن.
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزیش بڵاویكرده‌وه، تره‌مپ له له‌نده‌ن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه كه بڕیاربوو بۆ رۆژنامه‌وانان له په‌راوێزی لووتكه‌ی ناتۆ سازی بدات.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی ئیندیپێندێنتی به‌ریتانیش، ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه، باسی تره‌مپیان كردووه به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی ئاماده بێت.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه ده‌كات، ئه‌و سێ سه‌ركرده‌یه به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی تره‌مپ بهێنن باسیان له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی كردووه، كه به درێژایی رۆژ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و كه‌سایه‌تییه‌كان ئه‌نجامی داوه.
وه‌ك له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت، بۆریس جۆنسن و جه‌ستن ترودو و ئیمانوێل ماكرۆن، باسی هۆكاری دواكه‌وتنی ماكرۆن ده‌كه‌ن له ئاهه‌نگی ده‌سپێكی لووتكه‌ی ناتۆ و باس له دیداری نێوان تره‌مپ و ماكرۆن ده‌كه‌ن، كه ماوه‌یه‌كی زۆری خایاندووه، به‌ڵام ناوی تره‌مپیش ناهێنن.
بۆریس جۆنسن له ماكرۆن ده‌پرسێت: "له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو دواكه‌وتی؟"، له به‌رامبه‌ریشدا جه‌ستن ترودۆ قسه‌كانی پێده‌بڕێت و ده‌ڵێت: "دواكه‌وتی چونكه كۆبوونه‌وه‌كه‌تان له نهۆمی سه‌ره‌وه (كه له‌گه‌ڵ تره‌مپ بوو)، 45 خووله‌كی خایاند".
ترودۆ له قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: "به دڵنیاییه‌وه ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌یت بینی كه چۆن له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دامابوون".
سه‌رچاوه: RT
ئ. م