"قەشە ئەمەریکییەکە بۆ دیلکردنی کورد ئازادکراوە"

تورکیا ترسی بەهێزبوونی کوردی هەبووە لە سووریا

K24 – هه‌ولێر:

دوێنێ هەینی، قەشە ئەندرو برونسۆن لەلایەن دادگای تورکیاوە ئازادکرا، بەڵام هۆکاری ئازادکردنی بڕیاری دادگا نەبوو، بەڵکو بۆ تویتەکانی ترەمپ و کێشەی تورکیا لەگەڵ کورد دەگەڕێتەوە.

رۆژنامەی تایمی ئەمەریکی شیکارییەکی بۆ ئازادکردنی ئەو قەشە ئەمەریکییە کردووە و تیایدا نووسیویەتی، تورکیا قەشەکەی ئازاد نەکرد بەوەی دادگای تورکیا بەبێ تاوانی زانی، بەڵکو ئەنقەرە دەترسا ترەمپ دەستبکاتەوە بە تویتە هەڕەشە ئامێزەکانی و ئەوەندەی دیکە ئابووری تورکیا تێکبدات، لەوەش مەترسیدارتر بۆ تورکیا نزیک بوونەوەی کورد و ئەمەریکا بوو لە سووریا.

دۆسییەی برونۆسن لەکاتێکدابوو، ئەمەریکا زیاتر لە کوردەکان لە سووریا نزیک دەبوەوە و باسیش لە دروستکردنی هەرێمی سەربەخۆ لە سووریا هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق بۆ کوردەکانی سووریا دەکرا، ئەمەش وایکرد لە هەمان رۆژی ئازادکردنی قەشە ئەمەریکییەکەدا، ئەردۆغان هەڕەشەی نوێ لە  هێزەکانی یەپەگە بکات و بەڵێنی لەناوبردنیان بدات.

جیا لە کێشەی کوردەکان، کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس- 400ی رووسی و قەدەخەکردنی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 ئەمەریکی بە تورکیا، کێشەی زۆریان خستبووە مێزەکانی گفتوگۆی واشنتن و ئەنقەرە، بۆیە کاتی ئەو هاتبوو کە تورکیا مامەڵەکردن بە دۆسییەی قەشە ئەمەریکییەکە بوەستێنێت.

ئێستا کە ئەو قەشەیە ئازادکراوە، ترسی ئەوە هەیە هاوشێوەی عەفرین، رێگا بە تورکیا و میلیشیاکانی لە سووریا بدرێت تاکو دوای جەنگی داعش هێرشبکەنە سەر ئەو شارانەی کە کوردەکان بەڕێوەیان دەبەن و جارێکی دیکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک کارتێکی سیاسی کوردەکانی رۆژئاوا بەکاربهێنێت.

H.J