نوێترین زانیاری لەبارەی نۆژەنکردنەوەی رێگای سەرەکی نێوان کۆیە – هەولێر ئاشکرا دەکرێت

قایمقامی کۆیە نوێترین زانیاری بۆ کوردستان24 لەبارەی وادەی تەواوی بوونی پڕۆژەکە ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

کارەکانی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی رێگای کۆیە ـــ هەولێر بەباشی بەڕێوەدەچێت و بڕیار وایە لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەکە تەواو ببێ و رێگاکە بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.

یوسف حەسەن، قایمقامی کۆیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "حکوومەت رەزامەندی نیشانداوە لە سەر گۆڕانکاری لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای کۆیە ـــ دێگەڵە بۆ کۆیە ـــ هەولێر بە تەواوەتی و ئێستا کارکردن لەپڕۆژەکە بەردەوامە".

قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەکرد، گوژمەی یەکەمی پڕۆژەکە 4 ملیار و 700 ملیۆن دینار بووە و ماوەی پڕۆژەکە سێ مانگە و بڕیار وایە لەماوەی دیاریکراو تەواو بکرێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، نۆژەنکردنەوەی ڕێگای کۆیە ـــ هەولێر چەند بڕگەیەک لەخۆ دەگرێ لەوانە ( بڕین ، هەڵکەندن ، پڕ کردنەوە ، پڕکردنەوەی چاڵەکان و دواتر قیڕکردنی تەواوەتی).

بە وتەی قایمقامی کۆیە بەشێکی زۆری بڕین و هەڵکەندنی ڕێگاکە تا دەگاتە دێگەڵە تەواو بووە و قیڕکردنی ڕێگاکە بە نزیکی 8 کم کۆتایی هاتووە و پێشبینی دەکەن سبەی بگەنە سنوری گۆپتەپە ـــ شیواشۆک.

بە نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی یەکجارەکیش ، ڕێگاکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە و دەخرێتەوە خزمەت ئەو هاووڵاتیانەی بۆ هاتوچۆی نێوان هەولێر ــ کۆیە ئەو ڕێگایە بەکاردێنن.

‌H.J