پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ و ستراتیژیی له‌ هه‌ولێر ده‌ستپێده‌كات

"كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پایته‌خت چاره‌سه‌ر ده‌بێت"

K24 - هه‌ولێر:

لەشاری هەولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژیی به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كات و كێشه‌ی ئاوی قورسی شاره‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات.

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 9/12/2019، رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستی خزمەتگوزاریی راوێژکاریی بۆ پڕۆژەی درووستکردنی ئاوەڕۆی هەولێر به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ رێوره‌سمی واژۆكردنی پرۆژه‌كه‌دا، وه‌زیری شاره‌وانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساسان عه‌ونی رایگه‌یاند، قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر به‌ گوژمه‌ی (300) ملیۆن دۆلار و بۆ ماوه‌ی (3) ساڵ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

ساسان عه‌ونی گوتیشی: وه‌ك به‌شێك له‌ درووستكردنی پرۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌شدار ده‌بین، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ستراتیژی و گه‌وره‌یه‌ و بڕیاره‌ به‌ چوار قۆناغ جێبه‌جێ بكرێت و تێكڕای تێچووی نزیكه‌ی (2) ملیار دۆلارە. 

ده‌قی وتاره‌كه‌ی ساسان عه‌ونی، له‌ میانی مه‌راسیمه‌كه‌دا:

بەڕێز: کاتسوومی مۆریاسوو، کونسوڵی یابان لە هەولێر

بەڕێز: فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر

بەڕێز: ماسایۆکی هیرۆساوا، بەرپرسی ئۆفیسی جایکا لە عێراق

بەڕێز: کۆجی میزونۆ، سەرۆکی UIC

بەڕێزان، میوانە خۆشەویستەکان 

بەناوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەین و خۆشحاڵیی خۆمان دەردەبڕین کە لە ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی "گرێبەستی خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری" وەک بەشێک لە "پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان" لە هەولێر، بەشدار دەبین لەگەڵتان کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی قەرزی نێوان (عێراق و یابان) لەلایەن ئاژانسی (جایکا)وە جێبەجێ دەکرێت. 

پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیە و وا بڕیارە بە چوار قۆناغ جێبەجێ بکرێت و کۆی تيکڕای گوژمەکانی دەگاتە نزیکەی 2 ملیار دۆلار، کە لەئێستادا قۆناغی یەکەم بە کۆی تێچووی نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار و لەماوەی 3 ساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێ کردن، ئەم گرێبەستە ڕاوێژکارییەش کە ئەمڕۆ واژۆ دەکرێت، دەستپێکی سەرەتای ئەم پڕۆژەیەیە و بڕەکەی نزیکەی 30 ملیۆن دۆلارە و تا ماوەی 77 مانگ دەخایەنێت، ئەم پرۆژەیە چارەسەری کێشەکانی ئاوەڕۆ و ئاوی قورس دەکات لە هەولێر بە دروستکردنی هێڵە سەرەکییەکانی ئاوەڕۆی قورس بە درێژایی 75کم، هەروەها دروستکردنی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە دورایی 11کم لە سەنتەری پایتەختەوە کە توانای چارەسەرکردنی 105.000 مەتر سێجای ئاوی قورسی هەیە لە ڕۆژێکدا. 

بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، هەموو ئەو مەترسییە تەندروستی و ژینگەییانە کۆتایییان پێ دێت کە لە ئەنجامی ڕێڕەوی ئەم ئاوەڕۆیە کاریگەرییان لەسەر ئەم دەوروبەرە و ئاوی ژێرزەوی و کشتوکاڵ دروست کردووە و مایەی زۆر گرفتی چارەسەرنەکراون لەم ناوچەیەدا، هەروەها هەولێریش یەکێک لە گرفتە گەورەکانی چارەسەر دەکرێت کە بە ‌‌‌حوکمی تەختایی تۆپۆگرافییەوەکەیەوە کێشەی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی هەبوو، ئەوا بۆ لەمەولا ئەم کێشەیەی نامێنێت.

بۆیە لەکاتێکدا سوپاسی حکوومەتی یابان دەکەین لە پێدانی ئەم قەرزە بە عێراق و ئاژانسی جایکا کە ماوەی 3 ساڵ چاوەڕێیان کرد تا ئەم پرۆسەیە کارا بکرێت، دڵنیاین لە پەرۆشییان بووە و دەیانزانی ئەم پڕۆژەیە چ خزمەتێکی مرۆڤدۆستانەیە بۆ گەلی کوردستان و شاری هەولێر بە تایبەتی، بۆیە دڵسۆزانە چاوەڕییان کرد، سەرەڕای گرفتەکان، ئەوان هەرگیز لەم پڕۆژەیە پەشیمان نەبوونەوە، بۆیە لە دڵەوە سوپاسیان دەکەین. هەروەها سوپاسی حکوومەتی فیدراڵیی عیراق دەکەین کە لە 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، ڕای یاساییان دەرچواند و ئەم پڕۆژەیەیان خستە سەر ڕێگەی جێبەجێکردن.

بەڕێزان..

ئەم ئەزموونەی ئەمڕۆمان كە گرێبەستە لەگەڵ كۆمپانیایەكی راوێژكاری، كە وەك لایەنی سێیەم لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڵێندەری جێبەجێکاری پرۆژەکە كار دەكات، چونكە لەم پڕۆژەیە ئەزموونی تازە و تەكنیكی ژاپۆنی بەكاردێت، كە ئەندازیار و كارمەندانی ئێمە كەمتر ئاشنایەتییان هەیە لەگەڵ ئەم تەكنەلۆژیایە، بۆیە بەناوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕووی داواكاریم لە بەڕێزانی ئەم كۆمپانیا راوێژكارییەیە كە بە ئەركی یاسایی و كارگێڕیانەی خۆیان هەڵسن و دۆستانە هاوكارمان بن، هاوكارمان لە پێدانی راوێژ و سەرنجی پێویست بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆژەكە و هەروەها بۆ راهێنان و شیاندن و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەندازیار و تەكنیككارانمان بەو تەكنیك و تەكنەلۆژیا تازانە. 

هەر لەم بۆنەیەشدا بە پێویستی دەزانین کە جەخت لەسەر جددییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەینەوە لە خزمەتی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە دەکەوێتە سەرشانمان. بە هەموو تواناکانی حکوومەتی هەرێمیش، پشتگیریی لەم پڕۆژەیە دەکەین بۆ باشترکردن و ئاسانکردنی جێبەجێکردنی کارەکانی ئەم پڕۆژەیە. خەڵک و خاک و ژینگەی کوردستان، کۆڵەگەکانی ئەزموونی کوردستانن و لە پێناویاندا هەموو توانا و شیانمان بەکار دەخەین.

جارێکی تر سوپاستان دەکەم

هه‌روه‌ها له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، فرسه‌ت سۆفی پارێزگاری هه‌ولێر سوپاسی هەریەک لە حکومەتی ژاپۆن و رێكخراوی جایکا و حکومەتی فیدراڵی عێراقی كرد و رایگه‌یاند: "وەکو ئیدارەی پارێزگای هەولێر هەموو ئاسانکاری و پشتیوانییەکی پێویست دەخەینە بەردەم کۆمپانیای راوێژکاری و جایکا بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە کاروبارەکانی خۆیان بۆ جێ بەجێکردنی پڕۆژەکە ئه‌نجام بده‌ن، داواکارم پڕۆژەکە چ لە رووی راوێژکاری و چ لە رووی جێبەجێکردنەوە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو ببێ و هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن بۆ ئەوەی بە ئامانج بگات".

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌، كونسوڵی گشتی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان، كاتسۆمی مۆریاسۆ به‌ زمانی كوردی وتارێكی پێشكه‌شكرد و تێیدا جه‌ختیكرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتیوانیكردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو بنیاتنانی ئاینده‌یه‌كی رووناك بۆ ناوچه‌كه‌.