ئێران خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمەریکی راگەیاند

"فڕۆکەکە بۆ کاری سیخووڕی هاتووەتە ئێران"

K24 – هه‌ولێر:

ئێران خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکای راگەیاند و ئەمەریکاش رەتیدەکاتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئێرنا، سوپای پاسداران، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی لە جۆری ئار کیو چوار گڵۆباڵ هۆک، لە نزیک شارۆچکەی کوهموبارەک لە پارێزگای هورمۆزگان و لە باشووری ئەو وڵاتە خستووەتە خوارەوە، کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بووە.

لە بەرامبەردا، بێل ئۆریان، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، رەتیکردەوە هیچ فڕۆکەیەکیان ئاسمانی ئێرانی بەزاندبێت و روونیکردەوە کە هیچ فڕۆکەیەکی ئەمەریکی لەو ناوچانە نەفڕیووە.

زیاد بوونی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوامە و لە نوێترین پێشهاتیشدا، ئێران دەڵێت، دەستدەکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و دوورکەوتنەوە لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە، ئەمەش جیا لە ئەمەریکا، ئەوروپاشی نیگەران کردووە.

CNBC

H.J