لیره‌ باجی شه‌ڕ ده‌دات

نا دڵنیایی باڵی بەسەر وەبەرهێنەراندا کێشاوە

K24 – هه‌ولێر:

لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمه‌ریکی لە ژێر هەڕەشەی دابەزینی بەردەوامدایە، لە کاتێکدا نا دڵنیایی باڵی بەسەر وەبەرهێنەراندا کێشاوە و  چاوەڕوانی کاردانەوەی نێودەوڵەتین بۆ سەر ئەنقەرە.

دراوی تورکی لە ژێر گوشاردایە دوای ئەوەی کۆشکی سپی رایگەیاند هێزەکانی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکشێنێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چەند توویتی جیاوازدا بڵاویکردەوە کە سزای ئابووری سەخت بەسەر ئابووری تورکیا دەسەپێنن ئەگەر سنووری خۆی تێپەڕێنێت، بەوەش دوای ئەوەی ئەنقەرە دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد، وەبەرهێنەران هەست بە مەترسییەکی زۆر دەکەن. چونکە ئەزموونی سزاکانی ئەمریکایان بینیووە کاتێک ساڵی رابردوو سزای بەسەر ئابووری تورکیا سەپاند و وایکرد لیرەی تورکی 30% بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەست بدات. 

هەروەها لیرەی تورکی تەنیا لەمساڵ هەشت لەسەدا بە هاکەی لەدەستداوە، سندووقی نەختینەیی نێودەوڵەتی لە 23 مانگی ئەیلوول رایگەیاند، تا ئێستا ئابووری تورکیا رووبەڕووی مەترسییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەدا ئەگەر حکومەت رێوشوێنی چاکسازی نەگرێتە بەر ئەستەمە ئامانجی گەشەیەکی بەهێز بەدی بهێنێت. 

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا. کۆی قەرزی دەرەکی وڵاتەکە تا کۆتایی مانگی حوزەیران گەیشتووەتە 447 ملیار دۆلار. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵیش قەرزی دەرەکی کە گەنجینەی تورکیا گەرنتی کردبوو گەیشتبووە 14.7 ملیار دۆلار.

لە کاتێکدا پوختەی قەرزی کەرتی حکوومی گەیشتووەتە 103 ملیار دۆلار، قەرزی حکوومی تایبەتیش بە یەکێتی ئەوروپا گەیشتووەتە 283.9 ملیار لیرە، ئەو بڕەش دەکاتە 32.2% داهاتی ناوخۆی وڵاتەکە.