پەرلەمانی كوردستان دەرگایه‌كی داخست

پێنج كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم كاندید كردووە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم داخست و پێنج كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كاندید كردووە.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "دوای سێ رۆژ، كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم داخست، تا ئێستاش پێنج كەس بۆ ئەو پۆستە خۆیان كاندید كردووە. بەپێی زانیارییەكان، ھەندێك لەو كاندیدانە تەمەنیان لە 40 ساڵ كه‌متره‌، كە یەكێك لە مەرجەكانی خۆكاندیدكردن ئەوەیە، نابێ تەمەنی ئەو كەسە لە 40 ساڵ كەمتر بێت، كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم كاندید دەكات، بەم نزیكانەش پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەو پێنج كەسە ئاشكرا دەكات، كە خۆیان كاندید كردووە".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "جگە لەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە فەرمیی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كاندید كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كردووە، ھیچ لایەنێكی دیكەی سیاسی، كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم پێشكەش نەكردووە".

ھ.م