كه‌لوپه‌لی خوێندن لە رۆژھەڵاتی كوردستان گرانبووە

بەشێك لە ھاووڵاتیان ناتوانن پێداویستییەكانی خوێندنى منداڵه‌كانییان بكڕن
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ دەستپێكی وەرزی نوێی خوێندن لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان، ھاووڵاتیان تووشی كێشەیەكی دیكە بوونەتەوە، كەلوپەلی خوێندن بەرادەیەك گران بووە كە بەشێك لە ھاووڵاتیان توانای دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندنیان نەماوە، ھاووڵاتییەكی شاری بانە دەڵێ بەھۆی گرانی، ھەندێك خێزان ناتوانن ھەموو منداڵەكانیان رەوانەی قوتابخانە بكەن.

ھێندەی نەماوە كە وەرزی خوێندن لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەستپێبكات، لە ئێستاوە ھاووڵاتیان دەیانەوێ كەلوپەلی خوێندن بۆ قوتابیان دابین بكەن، بەڵام ئەمساڵ دۆخەكە زۆر جیاوازە، پێداویستییەكان بەرادەیەك گرانبوونە كە ھەموو كەس توانای كڕینی كەلوپەلی خوێندنی نيیە، ھەندێك كه‌لوپه‌ل بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو دوو ھەتا چوار ھێندە گرانبووە.

ئەگەرچی بەشی زۆری كەلوپەلی خوێندن لە ناوخۆی ئێران دروستدەكرێت، بەڵام فرۆشیاران دەڵێن ھۆكارەی سەرەكی ئەو گرانییە گەمارۆكانی ئەمریكايه بۆ سەر ئێرانن، چونكە ھاوردەكان كەم بووە، كه‌رسته‌ی خاوی درووستكردنیشیان یان كەم یان گران بووە، ئەوەش وایكردووە پێداویستییەكانی خوێندن بەرادەیەك گران بن، كە ھەندێك لە خێزانەكان منداڵەكانیان لە خوێندن بگێڕنەوە.

ئ. م