كەمئاویی هەولێر چارەسەر دەكرێت و بیرە ئیرتیوازییەكان دادەخرێن

گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانی مۆركراوه‌ و به‌ دوو قۆناغی جێبه‌جێ ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كێشه‌ی كه‌مئاوی گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و بیره‌ ئیرتیوازییه‌كانیش داده‌خرێن.

مەسعود محەمەد كاڕەش بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای (بای وەتەر9ی بەریتانی كردووە.

پرۆژه‌كه‌ش بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، بە تەواوبوونی قۆناغی یەكەم لە گەڕەكەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی شاری هەولێر تا راددەیەكی زۆر باش كێشەی كەمئاوی نامێنێت و قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆژەش ناحیه‌كانی بنەسڵاوە، دارەتوو، كەسنەزان، شاوێس و بەحركەش لەخۆ دەگرێت.

مەسعود كاڕەش راشیگەیاند: یەكێك لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئاماژەی پێ دراوە، دابینكردنی خزمەتگوزارییە و لەو خزمەتگوزارییانەی كە دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی شارەوانی، دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و دروستكردنی ئاوەڕۆی ئاوی باران و ئاوەڕۆی قورسە.

دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش زیاتر لە یەك ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە بۆ دابینكردووە، سەبارەت بە ئاوەڕۆش بە گشتی لە هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە هەزاران كیلۆمەتر و بە قەبارەی جۆراوجۆر تۆڕی ئاوەڕۆ دروستكراون.

مه‌سعود كاڕه‌ش ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌، كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌مئاویی، په‌نا بۆ ئاوی ژێر زەوی نابەن تاوەكو ئەو سامانە سروشتییە نیشتمانییە بۆ ئایندە پارێزراوبێت.

ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌، كه‌ پرۆژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (بای وه‌ته‌ر) له‌ قۆناغی یه‌كه‌م لە توانایدا هەیە 1000 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە لە یەك سەعاتدا دابینبكات.

 ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌ له‌ گفتوگۆدان بۆ ئه‌وه‌ی قوناغی یەكەمی پڕۆژەكە پێش هاوینی ئەمساڵ تەواو بكات كە بە تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی ئەو پڕۆژەیە لە گەڕەكەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی شاری هەولێر ده‌گرێته‌وه‌ و تاڕادده‌یه‌كی زۆر باش كێشه‌ی كه‌مئاویی چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

مه‌سعود كاڕه‌ش راشیده‌گه‌یه‌نێت پڕۆژەكە ستراتیژییە و لە یەك سەعات بڕی 25 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابیندەكات، ئەمەش چەند بەرانبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەك و دوو و سێیە، بۆ ئەو پڕۆژەیەش سوود لە ئاوی زێی گەورە وەرگیراوە و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە هەموو بیرەكانی ناو شاری هەولێر و قەزا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن.

ئ. م