زانیاری لەبارەی تەقەکەرە سعوودییەکەی ئەمەریکا ئاشکرا دەکرێت

چەند کاتژمێرێک پێش رووداوەکە چی کردووە؟

K24 – هه‌ولێر:

چەند چالاکییەکی ئەو ئەفسەرە سعوودیەی لە بنکەیەکی ئاسمانی ویلایەتی فلۆریدا سێ سەربازی ئەمەریکای کوشت ئاشکرا دەکرێت.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمەریکی ئاشکرایانکردووە، تەقەکەرەکە پێش رووداوەکە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەی سعوودی لە خوانێکی ئێواردا، تەماشای ڤیدیۆی تەقەکردنی هەڕەمەکی و کوشتنی خەڵکی کردووە.

هەروەها چەند کاتژمێرێک پێش رووداوەکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا گرتووە و چەند قسەیەکی ئوسامە بن لاندنیشی داناوە.

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە بارەی هۆکاری رووداوەکە رایگەیاند، تاکو ئێستا ناتوانین بڵێین کە رووداوەکە تیرۆرستی بووە، دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەین.

لە هێرشی ئەو ئەفسەرە سعوودییە کە بۆ راهێنان لە بنکەی پێنساکۆلا لە فلۆریدا بوو، جیا لەوەی سێ کەس کوژران، هەشتی دیکەش بریندار بوون. تەقەکەرەش لە لایەن پۆلیسەوە کوژرا.

DW