ئەندامێكی حزبی دیموكرات لە پاریس درایە بەر چەقۆ

"لە كاتی لێدانی بە مۆبایل وێنەیان گرتووە"

K24 - ھەولێر

لەلایەن ژمارەیەك كەسی نەناسراو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ھێرشكرایە سەر جەمال پوور کەریم، ئەندامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، ھاوسەرەكەشی ئێران تۆمەتبار دەكات.

شلێر دەروێشی، ھاوسەری جەمال پور کەریم، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە، كە بە چەقۆ ھێرشكراوەتە سەر ھاوسەرەكەی و برینداركراوە، ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە.

كەسێكی نزیك لە جەمال پوور بە كوردستان24 گوت: "ئەو كەسانەی ھێرشیان كردووەتە سەر جەمال شەش كەس بوونە و لەكاتی لێدانی بە مۆبایل وێنەیان گرتووە و بە زمانی فارسی لێیان پرسیووە تۆ جەمالی كوڕی كەریم؟"

گوتیشی: "سێ لەو كەسانە لەلایەن پۆلیسی پاریس دەستگیركراون".

ھەرچەندە تائێستا پۆلیسی فەرەنسا ناسنامەی ھێرشكەرەكانی سەر ئەو ئەندامەی حزبی دیموكراتی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام شلێر دەروێشی رایدەگەیەنێت كە ئەو كەسانەی ھێرشیان كردووەتە سەر ھاوسەرەكەی سەر بە كۆماری ئیسلامی ئێرانن.

ھ.م