300 ملیۆن دینار بۆ بووژاندنەوەی قه‌ڵای ھەولێر تەرخان دەكرێت

"راپۆرتەكەی ناسا گرنگیی پێگەی ھەولێر دووپاتدەكاتەوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پارێزگاری ھەولێر رایدەگەیەنێت، دووپاتكردنەوەی ئاژانسی ناسا بۆ قەڵای ھەولێر وەك كۆنترین شوێنی سەرزەوی كە ژیان تێییدا بەردەوامە گرنگی زیاتر بە ھەولێر دەدات و لە داھاتوودا گەشتیاری زیاتر بەرەو ھەولێر رادەكێشێت، بۆ ئەمساڵیش حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕی 300 ملیۆن دیناری بۆ بووژاندنەوەی قەڵا تەرخان كردووە، بەڵام قەڵا پێویستی بە بڕی زیاتر ھەیە.

قەڵای ھەولێر وه‌ك كۆنترین شوێنه‌واری سەرزەوییه‌ كە ژیان تێیدا بەردەوامە، رۆژ دوای رۆژ زیاتر دانی پێدادەنرێت. دواترینیان دانپێدانانی ئاژانسی بۆشاییگه‌ری ئاسمان (ناسا)یە، ئەمە جگە لەوەی پێشتریش لەلایەن یونسكۆوە، قەڵای ھەولێر له‌ ریزبه‌ندی شوێنە كولتوورییەكانی جیھان تۆماركراوە.

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "بە پێناسەی ھەولێر و قەڵاكەی كە كۆنترین شوێنە ژیان تێیدا بەردەوامە، ئەمە ناساندن و ھاوكارییەكی گەورەیە كە ناسا دەیكات، ئەمە تەواوكەری ئیشەكانی یونسكۆیە بۆ ناساندنی ھەولێر، وەك شارێك كە ھەزاران ساڵە ژیان تێیدا بەردەوامە".

لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا قەڵا بێ گرفت نییە، بەھۆی باران بارینی زۆری ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر لە خانووەكان زیانیان بەركەوتووە، بەھۆی قەیرانی دارایی چەند ساڵی رابردووی ھەرێمی كوردستان، نەك نەتوانراوە درێژه‌ به‌ نۆژەنكردنەوەی قه‌ڵا بدرێت، تەنانەت نەتوانراوە پارێزگاریشی لێبكرێت. بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی بووژانەوەی قەڵای ھەولێر دەڵێت "لە 2018ەوە ھیچ بڕە پارەیەكیان بۆ دابین نەكراوە، ھۆكارەكەش زیاتر رۆتینیاتە".

دارا یەعقوبی، بەرێوەبەری كۆمسیۆنی بووژانەوەی قەڵای ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "سێ ساڵ پێش ئێستا رێكخراوی یونسكۆ سەردانیان كردین گوتیان، ئێوە بۆ ئیش ناكەن، ئێمەش پێمان گوتن، پارە نییە، وەڵامی ئەوانیش ئەوە لە جیاتی 10 ملیۆن دۆلار ساڵانە با ملیۆنێك دۆلارتان بۆ تەرخان بكرێت، دواتر گوتیان ئەگەر ھیچ نەبێت نیو ملیۆن جەرج بكرێت، دوای گەڕانەوەیان دوو نامەیان نووسی و داوایان كرد ساڵانە نیو ملیۆن دینار بۆ قەڵا خەرج بكرێت، تائێستا 250 ھەزار دۆلارمان وەرگرتووە، ئەویش یونسكۆ بۆی داواكردوین".

بۆ ئەمساڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕی 300 ملیۆن دیناری بۆ چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی بەشێكی خانووەكان تەرخان كردووە، رێكخراوێكی ئەمەریكیش ھەڵدەستێت بە چاككردنەوەی حەمامەكە و دوو خانووی قەڵا، بەڵام ئەگەر تەماشای ناو كۆڵانەكانی قەڵا بكەی تێدەگەی كە دۆخەكە بە جۆرێكه‌ پارەی زیاتری پێویستە.

ھ.م