حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌ی یاسای بودجه‌ی 2020 ئاماده‌ ده‌كات

سه‌رقاڵی ئاماده‌كاریی پرۆژه‌ یاساكه‌یه.. گوته‌بێژی حكوومه‌ت ورده‌كارییه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2020 و ناردنی بۆ پەرلەمان، دکتۆر جووتیار عادل گوتەبێژی حکوومەت بە کوردستان 24ی راگه‌یاند، پێشتر بەهۆی نەناردنی بودجە لە بەغداوە، حکوومەت پرۆژە یاسای بودجەی نەدەناردە پەرلەمان، بەڵام ئێستا لێکتێگەیشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا درووست بووە بۆیە حکوومەت بودجە دەنێرێتە پەرلەمان.

گوتەبێژی حکوومەت گوتیشی: "بودجە لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت تا حکوومەت بەپێی بودجەی پەسەندکراو پلانی خۆی دابڕێژێت".

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پرۆژە یاسای بودجە لەلایەن حکوومەتەوە رەوانەی پەرلەمان نەکرا، بەڵام بۆ بودجەی 2020 حکوومەت نیازى وايە بودجە ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات، وەك گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بەهۆی درووستبوونی جۆرێك لە لێکتێگەیشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا حکوومەت بۆ خەریکی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەیە.

پەرلەمانی کوردستان کە ئێستا خۆی بۆ وەرزی نوێی یاسادانان ئامادەدەکات، هێنانی پرۆژە یاسای بودجە بۆ ناو پەرلەمان بە هەنگاوێکی گرینگ ناودەبات، بەتایبەتی بەرەو بەرقەرارکردنی یەکسانی.

لەڕووی کردەییەوە گەنگەشەکردن و بڕیاردانی پەرلەمان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە هۆکارێکە بۆ زیادبوونی شەفافیەت و کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ هێڵە گشتییەکانی ئەم کابینەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هاوکات هاندەرێکیشە بۆ زیادبوونی متمانە و راکێشانی زیاتری وەبەرهێنانی بیانی بۆ کوردستان.

ئ. م