خانمان سەرسامی ئەم هەشت تایبەتمەندییەی پیاوانن

زانست ئەم هەشت خاڵەی سەلماندووە

K24 – هه‌ولێر:

دۆزینەوەی کەسێک کە بتوانی خۆشتبوێت و بڕیاری پێکەوەژیانی لەگەڵ بدەیت رەنگە ئاسان نەبێت، بەڵام زۆرجار کاتێک ئەو کەسەش دەدۆزیتەوە، بەدەستهێنانی دڵی دەبێتە کێشە بۆت.

سایتی بێزنس ئینسایدەر، بە سوود وەرگرتن لە چەندین توێژینەوەی زانستی، چەند خاڵێکی گرنگ ئاشکرادەکات کە یارمەتی پیاوان دەدات، دڵی دڵخوازەکانیان بۆخۆیان بەرن.

جلی سوور بپۆشە

لەبەرکردنی پارچەیەک پۆشاکی سوور، پیاوان سەرنجراکێشتر دەردەخەن.

لە تاقیکردنەوەیەکدا کە لەسەر کچانی چین، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمەریکا ئەنجامدراوە، ئەوە ئاشکراکراوە، لای خانمان رەنگی سوور سەرنجراکێشترینە.

کەلوپەلی گرانبەها

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی وێڵز، ئەو پیاوانەی ئۆتۆمبێل و خانووی گرانبەهایان هەیە، زۆر زیاتر سەرنجی خانمان رادەکێشن.

جیاوازی زۆر هەیە کەسێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری بێنتلی هەبێت لەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلێکی هەرزانبەها بێت کاتێک دێتە سەربردنی دڵی کچان.

وەرزش

وەرزش بەتایبەت ئەگەر کەمێک سەرکێشی تێدابێت، سەرنجی خانمان زۆر رادەکێشێت.

زانکۆی ئەلاسکا لە ئەمەریکا لە توێژینەوەیەکی لەسەر خانمان ئاشکرایکردووە، ئەو پیاوانەی سەرکێشی دەکەن لە وەرزشەکانیاندا سەرنجراکێشن. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خانمان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ئەو پیاوانەیان زیاتر لە پەسەند بووە کە توانای راوکردن و خۆخستنە مەترسییان زیاتربووە لە پیاوانێک کە سەرکێشی بە ژیانیانەوە نەکەن.

برینەکانی پیاو

رەنگە ئەمە مایەی سەرسوڕمان بێت، بەڵام بە گوێرەی بە دواداچوونێکی زانکۆی لیڤەرپوول لە بەریتانیا، ئەو پیاوانەی بەهۆی وەرزش و هەندێک جۆری سەرکێشی بریندار دەبن یاخود جۆرێک لە برین لەسەر جەستەیان جێدەمێنێت، لای خانمان سەرنجراکێشن.

ریش هێشتنەوە

ریش هێشتنەوە لای خانمان سەرنجراکێشە چونکە ریشی پیاو تەنها ئاماژە نییە بۆ پیاوەتی و نیشاندانی نێرینەیی بەڵکو ئاماژەشە بۆ کەسایەتی تووند و زاڵ.

ماسوولکە

بوونی ماسوولکە، پیاوان لای خانمان خۆشەویستر دەکەن چونکە گومانی تێدانییە خانمان، پیاوانی بەهێزیان لا پەسەندترە لە بێهێزەکان.

بەهێزی پیاوان لای خانمان مێژووی دێرینی هەیە. لەسەردەمی راو و شکاکدا، خانمان دوای ئەو پیاوانە دەکەوتن کە توانای شەڕ و راوکردنیان زۆربووە، ئەو سیفەتە هێشتا کاریگەری زۆری لەسەر کچ و ژنان هەیە.

توانای خستنە پێکەنین

دەبێت لەگەڵ ئەو کچەی خۆشتدەوێت، هاوڕێشبیت. خانمان کوڕانی گەشبین و بە زەوقیان لاپەسەندتر لە کەسێکی خەمناک و تێکشکاو. بۆیە دەبێت کارێک بکەیت خانمان بخەیتە پێکەنین.

لێکچوونەکان

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی زانکۆی نۆتنگهام ترێندی بەریتانی، دەبێت جوانی دەرەوەی پیاوان و ژنان لێکنزیکبێت، چونکە ئەگەر کچەکە لە کوڕەکە زۆر جوانتر بێت، ئەوا پیاوان هەمیشە ترسی لەدەستدانی ئەو کچانەیان هەیە، ئەگەر پیاوەکەش زۆر جوانتربێت، ئەوا پیاوەکە وابیردەکاتەوە کە دەکرێت ئەو کەسێکی جوانتر و سەرنجراکێشتر بدۆزێتەوە.

H.J