ھەرێمی كوردستان رێگە لە ھاوردەكردنی تەماتە دەگرێت

جوتیاران لە ھاوردەكردنی بەرھەمی وڵاتان نیگەرانن

 

K24 - ھەولێر

لەپێناو بە بازاڕكردنی بەرھەمی جوتیارانی ناوخۆ و فرۆشتنی بەرھەمەكەیان، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان، ھاوردەكردنی تەماتە قەدەخە دەكات.

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزەراتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەزیری كشتوكاڵ بڕیاریدا بە قەدەخەكردنی ھاوردەكردنی تەماتە لە 1/9/2019 تا كاتێكی نادیار، تا ئەوكاتەی ھەست دەكەین تەماتەی ناوخۆ لە بازاڕەكان كەم دەبێتەوە، ئەوكات بڕیارێكی دیكە دەدەین بۆ ھاوردەكردنی تەماتە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ھەركاتێك زانیمان بەرھەمێكی ناوخۆ پێداویستی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە، ئەوا ھاوردەكردنی ئەو بەرھە قەدەخە دەكەین".

لەبارەی كاریگەری ئەو بڕیارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی تەمامەتە، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ گوتی: "وەك وەزارەت لیژنەمان لە عەلوەكان ھەیە و رۆژانە چاودێری نرخەكان دەكەین، ھەركاتێك زانیمان نرخەكە بەرز دەبێتەوە ئەوكات بڕیاری دیكە دەدەین".

ئەمە لەكاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك جوتیاری ھەرێمی كوردستان گلەییان لەوە كردبوو، كە بەھۆی ھاوردەكردنی تەماتە و بەرھەمەكانی دیكە لە وڵاتان، بەرھەمەكانی ئەوان ھەرزان فرۆش كراوە.

ھ.م