رۆحانی دان به هه‌ستیاری دۆخی ناوچه‌كه‌دا ده‌نێت
K24- هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران دووپاتیكرده‌وه، "رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه‌ته یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی زۆرترین ئاڵۆزی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی تێدایه و خاوه‌ن كه‌مترین سه‌قامگیرییه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی دیكه له كاروباری ناوخۆیی ناوچه‌كه".
رۆحانی له گوته‌یه‌كدا له لوتكه‌ی "هاوكاری و بونیادنانه‌وه‌ی متمانه له ئاسیا"، كه ئه‌مڕۆ له شاری دوشنبه‌ی پایته‌ختی تاجیكستان به‌ڕێوه‌چوو، گوتی: "ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی بیانی له كاروباری ناوخۆی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سیاسه‌تی تاكلایه‌نانه، تیرۆر، تایفه‌گه‌ری و پاشگه‌زبوونه‌وه له‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندییان به ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه و پاشگه‌زبوونه‌وه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران، هه‌موو ئه‌مانه بوونه‌ته هۆی ئاڵۆزكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌مان و وایلێكردووه، ببێته ناسه‌قامگیرترین هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی جیهان".
روونیشیكرده‌وه، "كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له پلانی پلانی كاری هاوبه‌شی گشتگیر "رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ تاران" و سه‌پاندنی سزای نایاسایی به هاوكاری چه‌ند وڵاتێكی دیكه، ئاماج لێی بۆ فشارخستنه سه‌ر ئێرانه".
رۆحانی گوتی: "ئێمه بڕیاری خۆمان له‌باره‌ی هه‌ڵپه‌ساردنی ژماره‌یه‌ك له به‌نده‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه داوه و له رێككاره‌كانمان به‌و ئاراسته‌یه به‌رده‌وام ده‌بین".
سه‌رۆك كۆماری ئێران دووپاتیكرده‌وه، "سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران پێشێلكردنی مافی وڵاتانه له بڕیاردان له چاره‌نووسی خۆیان و ده‌ستوه‌ردانێكی زبره له كاروباری ئێران".
له به‌رده‌وامی گوته‌كه‌یدا له‌باره‌ی دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، رۆحانی گوتی: "پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری خۆی له سه‌ر داگیركردنی نایاسایی به‌رزاییه‌كانی جۆلان له سووریا گواستنه‌وه‌ی باڵۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئۆرشه‌لیم بدات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێران رۆڵێكی زیندوو له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و تایفه‌گه‌ری له عێراق و سووریا ده‌گێڕێت و توانیومانه له رێگریكردن له چوونی چه‌كداران بۆ وڵاتانی دیكه سه‌ركه‌وتوو بین".
هه‌روه‌ك له‌باره‌ی گرنگی لووتكه‌كه‌شیان له تاجیكستان گوتی: "هاوكاری و بونیادنانه‌وه‌ی متمانه له ئاسیا" رێگه نادات هه‌ندێ وڵات هه‌ژموونی خۆیان به سه‌ر وڵاتانی دیكه‌دا بسه‌پێنن و هه‌م رێگری له به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراویش ده‌كات.
رۆحانی ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی بۆ واژووكردنی هه‌ر رێككه‌وتنێكی دوانی و فره ره‌هه‌ند له‌مباره‌یه‌وه نیشاندا.
H.B