کەسێک لە جەزائیر بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکات
K24 - ھەولێر
دەرکەوتنی کەسێک لە جەزائیر کە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکات و دەڵێت "دوو پەیامی لەلایەن خواوە بۆ بەرپرسان و خەڵکی جەزائیر پێیە"، خەڵکی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی توڕە و نیگەران کردووە.
گرتەی ڤیدیۆیی ئەو کەسە کە ناوی موسا هیلالییە و تەمەنی 50 ساڵە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە و هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە.
هەرچەندە ئایینی ئیسلام جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی محەمەد دوایین پەیامبەری خوایە بۆ سەر زەوی، بەڵام ناو بە ناو کەسانێک لە خودی ئەم ئایینەوە دەردەکەون و بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکەن، لە نوێترینی ئەو بانگەشانەش دەرکەوتنی کەسێکە لە جەزائیر و دەڵێت، لەلایەن خواوە نێردراوە.
بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵکی جەزائیر و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی توڕەکردووە، کە تیایدا کەسێک بە ناوی موسا هیلالی تەمەن 50 ساڵ لە ویلایەتی وەرقلەی جەزائیر دەردەکەوێت و بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکات و دەڵێت، لەلایەن خواوە نێردراوە و دوو پەیامیشی لەلایەن خواوە بۆ قائید ساڵح سوپا سالاری جەزائیر و گەلی ئەو وڵاتە هەڵگرتووە.
دیاردەی خۆ بە پێغەمەبەر زانین، لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتانی عەرەبی زۆربووە، دیارترینیان یاسر حوسێن و تارق هاشم لە عێراق، کە دواتر دەستگیرکران، سورەیا مەنقوش لە یەمەن کە ئافرەت بووە، هەیسەم ئەحمەد لە سووریا و رەشاد خەلیفە لە ئەمەریکا، کە بەرەگەز مسری بووە، کە هەردووکیان کوژران.
ھ.م