ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ونه‌وه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش

چالاكی داعش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان زیادیكردووه‌
kurdistan24.net

K24- دیاله‌:

جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ناوچە سوونە نشینەکانی عێراق بەردەوام لەزیادبووندایە، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت: مەترسی ئەوە لەچەکدارانی داعش دەکرێت، ھاوشێوەی ساڵی 2014 جارێکی دیكە چەندین ناوچە بخەنەژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

بەگوێرەی زانیاریەکانی کوردستان ۲٤، چەندین داعشی بیانی لە سنووری زنجیرە چیای حەمرین و پارێزگای دیالە ھەن و چەکی پێشکەوتوویان لەبەر دەستدایە. هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌ مەردان ساڵح، فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە - حەمرین دەڵێت: داعش لەھەر کات و ساتێکدا بێت، ھێزی خۆی نیشاندەداتەوە و ڕەنگە چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقیش ھاوشێوەی ساڵی 2014 بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

دۆخی ئەمنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق بەتایبەتیش ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەھۆی جمووجۆڵەکانی داعشەوە بەشێوەیەکە، كه‌ ھیچ ھاوڵاتیەك لەژیان و سەر و ماڵی خۆی دڵنیا نیە، یەکێکی دیکە لەمەترسیەکانی داعش جیا لەھێرشکردنە سەر ھێزەکانی عێراق دانانی بۆسه‌ و ڕفاندنی ھاوڵاتیانە، ئەمەش وای کردووە ئەو ھاوڵاتیانەی دەچنە سنووری ژێر دەسەڵاتی ھێزە ئەمنیەكانی عێراق، مەترسی لەسەر ژیانیان درووست ببێت.

H.B