پێشنیازێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەرکووك دەخرێتەڕوو

"کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووك بكرێت"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەسەر پۆستی پاریزگاری کەرکووك، یەکێتی گفتوگۆکانی لەگەڵ پارتی راگرتووە، بۆ کردنەوەی ئەو گرێکوێرەیه‌ی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، لایەنەکانی دیكە پیشنیازی تریان ھەیە، بزووتنەوەی ئیسلامی له‌ کوردستان داوا دەکات کەرکووک نەکرێتە گرێکوێرە بۆ ھەموو کێشەکانی دیکە، لە بەرامبەردا ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، پێویستە کەسێك لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی بکرێتە پارێزگار و کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بکات.

دانانی پارێزگارێکی نوێی بۆ كەركووك لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆتە گرێكوێرە، لایەنە کوردستانییەکانیش پێشنیازی نوێ بۆ باشکردنی دۆخی کەرکووک و دانانی پارێزگار بۆ ئەو شارە دەخەنە روو، یەکێک لە پێشنیازەکانیش، دانانی پارێزگارێکی بێلایه‌ن، بۆ ئەوەی سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانی کەرکووك لەسەری کۆک بن.

ئێستا بابەتی دانانی پارێزگاری کەرکووک، گفتوگۆی پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی، راگرتووە، بۆیە ھەندێک لە لایەنەکان، جارێکی دیکە پێشنیازی پارێزگارێکی بێلایەن، دەخەنە بەردەم ئەو دوو لایەنە.

دواجار دانانی پارێزگاری نوێی کەرکووك بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەبێت، ھەر ئەو دوو لایەنەش بڕیار لەوە دەدەن، به‌ڵام ئاخۆ ئەو دوو پێشنیازەی لایەنە سیاسییەکان بۆ دانانی پارێزگاری نوێی کەرکووك، بە ھەند وەردەگرن، یاخود نا؟.

ھ.م