کوردێک وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە بولگاریا دەستنیشان کرا

یەکەم جارە لە مێژووی ئەمەریکا کوردێک ئەو پۆستەی پێ دەدرێت

K24 – هه‌ولێر:

بۆ یەکەم جار لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ژنه‌ کوردێک بە ناوی هێرۆ قادر محەمەد ئەمین موستەفا، وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە کۆماری بولگاریا لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاوە دەستنیشان کرا.

ئەو خاتوونە خەڵکی شاری هەولێرە و چەندین بەرپرسیارەتی لە حکوومەتی ئەمەریکا هەبووە. لە ساڵی 2016، لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە وڵاتی پورتوگال کاری کردووە، هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌كیش لە باڵیۆزخانەی نیودێلهی لە هیندستان، راوێژکاری سیاسی بووە.

لە ساڵانی 2009 بۆ 2011، راوێژکاری جۆ بایدن بووه‌ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندی و باشووری ئاسیا.
هێرۆ یەکێک بووە لەوانەی، لە نزیکەوە چاودێریی دانوستانەکانی گرووپی 5+1ی لەگەڵ ئێران کردووە. لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا، بەڕێوەبەری کارەکانی ئێران، ئیسرائیل – فەڵەستین و ئوردن بووە. لە ساڵی 2005 بە ئەرکێکی سیاسی لە شاری مووسڵ کاری کردووە و چەندین بەرپرسیارێتیی سیاسی لە لوبنان و یۆنان و ئەفغانستانیش هەبووە.

ئەو سیاسییە کوردە، لە ویلایەتی نۆرس داکۆتا ژیانی بەسەر بردووە و جیا لە ئینگلیزی، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، یۆنانی، هیندی و پورتوگالی دەزانێت و لە زانکۆی پرینستۆن، ماستەری لە خزمەتگوازاریی سیاسەتی دەرەوە بەدەست هێناوە.

هێرۆ مستەفا لە دایکبووی ساڵی 1973ـی شاری هەولێرە و کچی تێکۆشەری دێرین عەبدولقادر محەمەد ئەمین، دامەزرێنەر و سەرنووسەری رۆژنامەی بارزانە، کە لە ئەمەریکا دەردەچوو.

H.J