خانه‌قینییه‌كان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و رزگاركردنیان ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 20/5/2019، خه‌ڵكی خانه‌قین له یاداشتنامه‌یه‌كدا بۆ حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه‌كانیان ده‌كه‌ن تا هاوشانی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق، ئاسایش و سه‌قامگیریی بۆ ناوچه‌كه بگێڕنه‌وه و بیانپارێزن.
له یاداشتنامه‌كه‌دا ده‌ڵێن: "به‌ناوی خه‌ڵكی خانه‌قین و گوند و ناوچه‌كانی سه‌ر به قه‌زاكه‌وه، داوای رزگاركردنی ره‌وشی تێكچوو و شڵه‌ژاوی ناوخۆی شاره‌كه‌مان ده‌كه‌ین".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه كه "وه‌ك خه‌ڵكی خانه‌قین به هه‌موو پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كانه‌وه له ساڵی 2003 به‌دواوه تا 16/ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 بارودۆخمان باشبوو، له پاش ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی روویدا، روویدا، به‌ڵام دوای رووداوه‌كانی 16/ی ئۆكتۆبه‌ر ئارامیمان له ده‌ستداوه، هه‌ر چه‌نده نامانه‌وێت هیچ لایه‌نێك له‌و رووه‌وه تۆمه‌تبار بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكاریی و بۆشاییه ئه‌منیانه‌ی رووده‌ده‌ن، به‌ڵام ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه كه دۆخی ئه‌منی شاره‌كه خراپه و پشتگوێخراوه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: "ئه‌و شاره ئارامه‌ی جاران وایلێهاتووه، هه‌موو به‌یانییه‌ك به ته‌قینه‌وه و كوشتنی بێتاوانه‌كان به ئاگابێین. ته‌نانه‌ت ژماره‌ی شه‌هید و برینداره‌كانمان گه‌یشتووه‌ته 76 كه‌س. خه‌ڵكی گونده‌كانیش پاش ئه‌وه‌ی داعش هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان و سووتاندنی ده‌غڵ و دانه‌كانیان لێده‌كات ناوچه‌كانیان چۆڵ ده‌كه‌ن".
ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه، هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ش پاش ئه‌وه روویاندا كه حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق كۆتایی داعش له عێراق راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر وایه ئه‌ی بۆچی هێشتا داعشه‌كان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیاری خانه‌قین ماوون؟".
خه‌ڵكی خانه‌قین به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه داوا ده‌كه‌ن، ئاسایش و ئارامی بۆ شاره‌كه‌یان بگه‌ڕێنرێته‌وه و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایش بگه‌ڕینه‌وه ناوچه‌كه و هاوشانی هێزه‌كانی عێراق سه‌قامگیری بۆ خانه‌قین بگێڕنه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كار بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م پرس و كێشه هه‌ڵپسێردراوه‌كانی نێوانیان و په‌یامی ئاسایش و ئارامی بده‌نه‌وه به خه‌ڵكی خانه‌قین".
له كۆتایی یاداشتنامه‌كه‌دا ده‌ڵێن: "پێش ئه‌وه‌ی كار له كار بترازێت خانه‌قین رزگار بكه‌ن و رێگه مه‌ده‌ن ببێته پاروویه‌كی ئاسانی بۆ داعش و گرووپه تیرۆریستییه‌كان".