عێراق خزمه‌تی سه‌ربازی زۆره‌ملێ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

هه‌رێمی كوردستانیش هه‌مان هه‌نگاو ده‌گرێته‌به‌ر
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌نیازه‌ له‌ رێگه‌ی په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ یاسایه‌كه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق خزمه‌تی سه‌ربازیی بكاته‌ زۆره‌ملێ.

ئه‌ندامێكی كوردیش له‌ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق به‌زه‌حمه‌تی ده‌زانێت یاسایه‌كی له‌وجۆره‌ له‌عێراقدا كاری پێ بكرێت و ده‌شڵێت: "سوپای عێراق پێویسته‌ سه‌ره‌تا به‌نیشتمانی بكرێت".

جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌ش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان  ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌نیازین له‌رێگه‌ی پرۆژه‌ یاسایه‌كه‌وه‌ له‌داهاتوودا كاری له‌سه‌ر بكه‌ین".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی سكرتێكری سه‌ربازی خۆی راسپاردووه‌ بۆ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ یاسای سه‌ربازیكردنی زۆره‌ ملێ، تا له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا بین ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی بكات بۆ په‌سه‌ندكردنی.

ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بۆچوونی جیاوازی له‌سه‌ره‌، ئه‌ندامێكی كورد له‌ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت: "كاتێك نوێنه‌رانی كورد ده‌نگ به‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ته‌واوی ماف و به‌ركه‌وته‌كانی كورد له‌ سوپای عێراقدا له‌به‌رچاو بگیرێت" نایشارێته‌وه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنی یاسایه‌كی له‌وجۆره‌ زه‌حمه‌ته‌.

ره‌نگه‌ پرۆژه‌یاسای سه‌ربازیكردنی زۆره‌ملێ، ته‌نها له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا نه‌بێت، به‌ڵكو بیرۆكه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ش له‌لایه‌ن به‌شێك له‌‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراوه‌، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، ئه‌وانیش پشتگیری ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی پرۆژه‌ یاسایه‌كه‌وه‌ له‌داهاتوودا كاری بۆ بكه‌ن.

ره‌نگه‌ كێشه‌و ئاڵۆزی زۆر و مێژووی جه‌نگه‌كان له‌ عێراقدا وایكردبێت كه‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵی داهاتوودا جارێكی ديكه‌ سه‌ربازیكردن له‌ عێراقدا بكاته‌وه‌ به‌ زۆره‌ ملێ.

په‌رله‌مانی كوردستانیش وه‌ك له‌زاری به‌شێك له‌ ئه‌ندامانیه‌وه‌ ده‌گوترێت پێویسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ په‌یڕه‌وبكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پێكهاته‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فراوانتر و به‌هێزتر بكات و له‌داهاتوودا بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو ساز و ئاماده‌بێت.

ئ. م