پۆلیسی راپەڕین لەبارەی گیان لەدەستدانی 2 كرێكار زانیاری دەخاتەڕوو

لەكاتی كاركردن تووشی رووداوی كەوتن بوونە

K24 - رانیە

شەوی رابردوو تەرمی دوو كرێكار گەیەندرایە نەخۆشخانەی رانیە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند: "شەوی رابردوو تەرمی دوو كرێكار بەناوەكانی (س.م) و (م.س) رەگەزی نێر دانیشتوی رانیەن، گەیەنرانە نەخۆشخانەی گشتی رانیە ڪە لەكاتی كاركردن لە بینایەكی سێ نهۆمی گیانیان لە دەستدا".

ئاماژە بەوەشكراوە: "رووداوەكە لە كاتێكدا روویداوە هەردوو كرێكارەكە لە بینایەكی سێ نهۆمی لە ناو بازاڕی رانیە خەریكی بەستنی ئەسكەلە بوون و لە هەمانكاتدا سیمی ئەسكەلەكە پچڕاوە و كرێكارێكیان كەوتۆتە خوارەوە كرێكارەكەی تریش ویستویەتی هاوڕێكەی رزگار بكات لەئەنجامدا ئەویش دەكەوێتە خوارە و پاشان بەهۆی بەركەوتنیان بە تەلی كارەباوە كە تەزوی لەسەر بووە هەردوو كرێكارەكە گیان لە دەستدا".

لە راگەیەندراوی پۆلیسی راپەڕین ھاتووە: "دوای توێكاری پزیشکی بۆ تەرمەكانیان لە پزیشكی دادی رانیە رادەستی كەس و كاریان كرانەوە. پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و لەسەر رووداوەكەش سێ كەس بە فەرمانی دادوەر بەپێی مادەی 411 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەرداوامە".