مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ به‌ریتانیا له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا ڕۆڵی ئه‌رێنی بگێڕێ

مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق تەنگژەکانی کەرکووک و شنگال و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

له‌ دیداریكیاندا، ئه‌مڕۆ چوارشەممە 15/5/2019، مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و جۆن وێڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری، په‌ره‌سه‌ندنەکانی ناوچه‌كه‌، هەنگاوەکانی  پێكهێنانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوونی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدیان تاووتوێ كرد.

لەو دیدارەدا کێشە و تەنگژەکانی کەرکووک و شنگال، هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دژی تیرۆریستانی داعش، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. مه‌سرور بارزانی تیشکی خسته‌ سەر گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر و هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو گفتوگۆیانە بە ئەنجام بگەن، هه‌روه‌ها بە پێویستی ده‌زانێت لەم رووه‌وه‌ به‌ریتانیا رۆڵی ئەرێنیی خۆی بە شێوەیەک بگێڕێت، کە لە بەرژەوەندیی چارەسەرییەکاندا بێت.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی به‌ریتانیا خۆشحاڵیی بەرامبەر پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەربڕی، پشتگیریی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەکان نیشان دا و هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

له‌ دیداره‌كه‌دا، مارتن وار، كونسڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ بوو.