وه‌زیری په‌روه‌رده‌ فه‌رمانێكی له‌ باره‌ی مامۆستایانی باخچه‌ و قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ ناحكوومییه‌كان ده‌ركرد

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌رمانێكی وه‌زاریدا ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌رمانێكی وه‌زاریدا ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد، كه‌ تایبه‌تن به‌و مامۆستایانه‌ی له‌ باخچه‌كانی ساوایان و قوتابخانه‌ و په‌یمانگه‌ ناحكوومییه‌كان كار ده‌كه‌ن.

ده‌قی فه‌رمانه‌ وه‌زارییه‌كه‌

پاڵپشت بە یاسای (ڕاژەی شارستانی عێراقی) ژمارە (24)ی ساڵی (1960)، مادەی (38) و یاسای (ڕێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14)ی ساڵی (1991)ی هەموارکراو  ماددەکانی (5،6) و ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2016) تایبەت بە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان، بەشی پێنجەم/ مادەی بیست و هەشتەم/ بڕگەی چوارەم، مادەی بیست و نۆیەم/ مادەی سییەم/ بڕگەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و شەشەم.

لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەدیهاتنی دادپەروەری لە ئەرک و ماف، هەروەها بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، بڕیارماندا بە:

یەکەم- مامۆستای کەرتی گشتی (حکومی) کە میلاکی وەزارەتی پەروەردەیە، تەنها بە دوو شێواز دەتوانێت لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەر یان مامۆستا کار بکات:

1- دەکرێت بەشێوازی خواستن (اعارة) بگوازرێتەوە بۆ (باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان)، ماوەکەیشی نابێت لە (5) ساڵ زیاتر بێت، تەنها ڕاژەکەی بۆ هەژمار دەکرێت و موچەی لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومیەوە بۆ خەرج دەکرێت کە کاری تێدا دەکات، پێویستە ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە بەنوسراوی فەرمی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاوە داوای ڕاژەی ئەو مامۆستایە بکات و لاری نەبوون وەربگرێت، بەمەرجێک ڕێژەی مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە (20٪)ی میلاکی هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومی زیاتر نەبێت.

2- ڕێگە بە مامۆستای میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەدرێت وانە لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا بڵێتەوە، بەمەرجێک تەواوی بەشە وانەکانی خۆی لە قوتابخانە یان پەیمانگەکەیدا بڵێتەوە، (بەگوێرەی ڕێنماییەکان و کاریگەری لەسەر ئاست و توانای نەکات، ئەمەش دەبێت بەڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا بێت، پاش خستنەڕووی دۆکیۆمێنتەکان کە بەشە وانەکانی بەگوێرەی ڕێنماییە بەرکارەکان لە قوتابخانەکەی خۆی بڵێتەوە دەبێت خشتەکانیش هاوپێچ بن کە (24) بەشە وانە بۆ مامۆستایانی بنەڕەتی و (22) بەشە وانە  بۆ مامۆستایانی ئامادەییە)، بەهەمان شێوە نابێت ڕێژەی مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە لە هەر باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیەکی ناحکومیی لە (20٪) زیاتر بێت.

ئەرکی جێبەجێکردنی (خاڵی یەکەم)ی ئەم فەرمانە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە، پێویستە وێنەیەک بە نووسراوی لاری نەبوون یان ڕێگەپێدانی مامۆستایان بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستەی وەزارەت بکرێت، بەمەبەستی تۆمارکردن و بەدواداچوون.

دووەم- فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە دەتوانن لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا کار بکەن، بەمەرجێک پاش دەوامی فەرمی وەزارەتی پەروەردە بێت، بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت لەکاتی دەوامی ئاساییاندا لە کاتژمێر (8) هەتا (3) کار لەو دامەزراوە ناحکومیانەدا بکەن، یان دەتوانن بەشێوازی خواستن (اعارة) بگوازرێنەوە بۆ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان، و ڕاژەکەیان بۆ هەژمار دەکرێت، مووچەکەیان لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییە خەرج دەکرێت، یان دەتوانن مۆڵەتی بێ مووچە وەربگرن بۆ ئەو مەبەستە.

سێیەم- فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی و هۆبەکانی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکانن، بۆیان نیە وەک بەڕێوەبەر و یاریدەدەر یان فەرمانبەر یان هەر سیفەتێکی دیکە، لە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا دەوام بکەن، تەنانەت ئەگەر پاش دەوامی ئاسایی خۆیشیان بێت لە فەرمانگەکانیاندا.

چوارەم- نابێت بەڕێوەبەری باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (حکومی) وەک بەڕێوەبەر یان یاریدەدەر لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی (ناحکومی) کار بکەن.

پێنجەم- سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بۆیان نییە وەک دەستەی کارگێڕی یان فەرمانبەر یان مامۆستا یان هەر سیفەتێکی دیکە لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکاندا کار بکەن.

شەشەم- دەبێت باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان بەگرنگییەوە بڕواننە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان کە هەتا ئێستا وەک مامۆستا و فەرمانبەر دانەمەزراون، بەمەرجێک خولی شیاندن بۆ مامۆستایان بکەنەوە، جگە لە دەرچووانی کۆلیژەکانی پەروەردە و بنیات و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کە خولی شیاندنیان پێویست نییە، ئەرکی کردنەوەی خولەکانی شیاندن دەکەوێتە ئەستۆی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان، بەهەمان شێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە بێت.

حەوتەم- بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان و لیژنەی باڵای وەزارەت، چاودێری و بەدواداچوونی وردی جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە دەکەن، لەبەرئەوە هەر سەرپێچییەک لەجێبەجێکردنی

ئەم فەرمانە ڕووبدات (بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگا و پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە) لەگەڵ باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان بەرپرسیار دەبن.

هەشتەم- ئەم فەرمانە لەڕێکەوتی دەرچوونییەوە جێبەجێدەکرێت.

ئالان حمەسعید صالح

وەزیری پەروەردە