ناوەڕۆکی گفتوگۆکەی پێنس و ئەردۆغان ئاشکرا دەکرێت

ئەردۆغان داوای چی کردووە؟

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوان مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای هەردوولا بڵاوکردەوە.

رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، سەرەتا بینینی هەردوولا بەبێ زەردەخەنە و دەموچاوێکی گرژەوە دەستیپێکردووە، پاشان زیاد لە چوار کاتژمێر دانیشتوون و قسەیان لەسەر چارەسەر کردووە.

ئامانج لە دانیشتنەکە، رێگریکردن بووە لە روودانی کارەساتی مرۆیی و بڵاوەکردنی چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لە باکووری سووریا.

شاندەکەی ئەمەریکا بە ئەردۆغانیان گوتووە، سەرۆک ترەمپ حەز بە ئەردۆغان دەکات و رێزی لێ دەگرێت، کاتێکیش باس لە قوربانی جەنگی سوپای تورکیا کراوە، شاندەکەی ئەمەریکا هاوخەمیان بۆ کوژرانی سەربازانی تورکیا دەربڕیووە؛ ئەمەش کەشێکی باشتری دانوستانی دروستکردووە.

لە دانوستانەکان ناکۆکی زۆر هەبووە، تورکیا سوور بووە لەسەر ئەوەی هەر ئاگربەستێک کە رادەگەیەندرێت، دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێت، ئەمەش یەکێک بووە لە کێشەکان.

هەروەها، ئەردۆغان رایگەیاندووە، دەبێت ماوەی ئاگربەستەکە لە نێوان 24 بۆ 48 کاتژمێر بێت، بەڵام پێنس ئەمەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو کاتە زۆر کەمە و ناتوانێت بە تەنها بڕیاری لەسەر بدات.

دوای گفتوگۆیەکی چڕ، ئاگربەست بۆ ماوەی 120 کاتژمێر رێککەوتنی لەسەر کرا، کاتێک ئەمەش دیاریکرا، بابەتەکانی دیکە زۆر بە خێرایی رێککەوتنیان لەسەر کراوە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا ئاشکرایکردوە، ئەردۆغان پرسیاری ئەوەی کردووە، چەند دەخانەیەنێت تاوەکو هێزەکانی یەپەگە دەچنە دەرەوە. ئەمەش هیوایەکی لای شاندی ئەمەریکا دروستکرد بەوەی تورکیاش رێککەوتنی دەوێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن، پێنس کریستیانێکی ئەنجیلییە و ئەردۆغان ئیسلامی، ئەمەش لەسەرەتا وێنەیەکی نامۆی لە نێوان هەردوولا نیشان دەدات.

رۆیتەرز ئاشکراشیکردووە، هەندێک ئاماژە هەیە وا دەکەن کە بڵێین، ئاگربەستەکە کاتییەکە ئاسان دەشکێنرێت.

دیاریکردنی مەودای ناوچەی ئارام هێشتا روون نییە. ئەردۆغان دەڵێت 440 کیلۆمەترە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، بەڵام جەیمس جێفری، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، مەوداکە لەوە کەمترە.

شەوی پێنجشەممە رابردوو ئاگربەست لە باکووری سووریا راگەیەندرا، بەڵام بەیانی هەینی، بۆردومانی سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان کرا، دواتر ترەمپ رایگەیاند، چەند بۆردومانێکی بچووک بوون و راگیراون.

 H.J