"هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووك رێکدەکەون"

زانیاری لەبارەی رێككەوتنەكە ئاشكرا دەكرێت

K24 - ھەولێر

هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکن لە گەیشتن بەڕێککەوتن لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووك.

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، لەزاری چەند سەرچاوەیەك بڵاویکردووەتەوە "هەولێر و بەغدا گفتوگۆی فراوانیان لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووك لە رێگەی بۆڕی نەوتی کوردستان - جەیهان دەستپێکردووە".

رۆژنامەکە دەڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەوتی ئێرانی لە بازاڕەکاندا، فشاری خستووەتە سەر بەغدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هەولێر و هەناردەکردنی 200 بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێگەی بۆڕی کوردستانەوە کە 70%ـی لەلایەن کۆمپانیای رووسنەفتەوە خاوەنداریەتی دەکرێت".

فاینانشیاڵ تایمز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو کۆبوونەوەکان ئاشكرای كردووە "تا کۆتایی ئەم مانگە هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووك رێکدەکەون".

لەلایەکی دیکەوە، مارتن وار، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە تویتێکدا نووسیویەتی "لە چەند مانگی رابردوودا لەندەن، بەغدا و هەولێری لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن هاندەدا و لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن، کاریگەری لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوولا دەبێت".

ھ.م