"شه‌ڕڤان و پێشمه‌رگه بریتانییه‌كه" له ده‌ست توركیا رایكرد
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و سه‌ربازه‌ی پێشووی بریتانیا كه له ریزی هێزه كوردیییه‌كاندا دژی چه‌كدارانی داعش شه‌ڕی كرد، پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاوه فه‌رمانی 7 ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێنراو تۆمه‌تی تێوه‌گلانی له تیرۆر درایه پاڵ، توانیوویه‌تی له توركیا رابكات.
جۆ رۆبنسۆنی ته‌مه‌ن 25 ساڵان، مانگی ته‌مووزی ساڵی 2015 په‌یوه‌ندی به ریزی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" كرد كه له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه پاڵپشتی ده‌كرێن، پاش ئه‌وه په‌یوه‌ندی به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه كرد و ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له هه‌رێمی كوردستان بووه. وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی پێكردووه.
رۆبنسۆن یه‌كێك بوو له‌و ده‌یان بریتانییه‌ی خۆی گه‌یانده سووریا بۆ ئه‌وه‌ی له ریزی ھێزه كوردییه‌كاندا دژی داعش بجه‌نگن، زانیاری ئه‌وه‌ش هه‌یه 9 له‌و بریتانیانه له شه‌ڕه‌كاندا كوژراون.
مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2015، رۆبنسۆن گه‌ڕاوه‌ته‌وه بریتانیا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی له فڕۆكه‌خانه‌ی مانچیسته‌ر به گومانی ئه‌نجامدانی تاوانی تیرۆریستی و بوونی له سووریا كه قه‌ده‌غه كرابوو له‌سه‌ر گه‌شتكردنی بریتانییه‌كان بۆی ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی هیچی له‌سه‌ر ساغنه‌بوویه‌وه ئازادكرا.
به‌ڵام ئه‌و سه‌ربازه‌ی پێشووی بریتانیا هه‌ڵه‌ی كرد كاتێك بۆ به‌سه‌ربردنی پشوو، ساڵی 2017 له‌گه‌ڵ كچه هاوڕێكه‌یدا چووه توركیا و له‌وێش ده‌ستگیركرا.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نقه‌ره ماوه‌ی 4 مانگ رۆبنسۆنیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد، تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندی به "رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان" دارایه پاڵی، چونكه توركیا یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه" به درێژكراوه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه ده‌زانێت و به "تیرۆریست" ناویان ده‌بات.
دواتر ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به كه‌فاله‌ت ئازادیان كرد، به‌ڵام گه‌شتكردنیان لێ قه‌ده‌غه‌كرد و خرابووه ژێر چاودێری و بۆی نه‌بووه بچێته ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه.
مانگی سێپته‌مبه‌ری رابردووش، دادگایه‌كی توركیا فه‌رمانی 7 ساڵ زیندانیكردنی بۆ رۆبنسۆن ده‌ركرد، پاش ئه‌وه‌ی تاوانی په‌یوه‌ستبوونی به رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان درایه پاڵی.
به‌ڵام رۆبنسۆن خۆی راده‌ست نه‌كرد و فه‌رمانه‌كه‌ی دادگای به سته‌م ناوبرد و له رێگه‌ی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه تانه‌ی له فه‌رمانه‌كه‌دا، چونكه ئه‌و هیچ تاوانێكی ئه‌نجام نه‌دابوو وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یڵێ. له‌وه‌ش گرنگتر له سیناریۆیه‌كی هۆلییوودیدا توانیوویه‌تی خۆی له ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا رزگار بكات و خۆی بگه‌یه‌نێته‌وه بریتانیا.
به‌ڵام ئه‌و سه‌ربازه‌ی پێشووی بریتانیا ورده‌كاریی ده‌ربازبوونی له توركیا ئاشكرا نه‌كردووه و ده‌ڵێت: "نه‌هامه‌تی زۆرم بینی له توركیا، ماوه‌ی ساڵ و نیوێك به‌رده‌وام بوو، 4 مانگی له زینداندا بووم. ئه‌و بارودۆخه‌ش به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی بریتانیایه به‌رامبه‌ر دۆسیه‌كه‌م".
بین كیس، پارێزه‌ری رۆبنسۆن كه تایبه‌تمه‌نده به پرسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی تاوانباران ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر راده‌ستی توركیا بكرێته‌وه رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌بێته‌وه، ئه‌و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه له به‌رده‌م دادگای بریتانیا تانه له فه‌رمانی زیندانیكردنه‌كه‌ی بدات و به‌رگری له خۆی بكات، به‌تایبه‌تی كه تۆماره‌كانی توركیا له بواری مافه‌كانی مرۆڤ ره‌ش و خراپن".