تاران هه‌ڕه‌شه له سیئۆل ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
حكوومه‌تی ئێران ره‌خنه‌ی توندی له پلانی كۆریای باشوور بۆ ناردنی هێزی ده‌ریاوانی بۆ ناوچه‌كه گرت و به‌ڵێنیدا، "ئه‌گه‌ر سیئۆل ئه‌و هه‌نگاوه بنێت رێكاری توند له دژی ده‌گرینه به‌ر و وه‌ڵامی گونجاومان بۆ ئه‌و وڵاته ده‌بێت".
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئێرنا، عه‌باس مووسه‌وی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتیكرده‌وه، "پلانی كۆریای باشوور بۆ ناردنی كه‌شتییه‌كی سه‌ربازی بۆ گه‌رووی هورمز، هه‌نگاوێكی ره‌تكراوه و رووخێنه‌ره"، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد، "ئه‌گه‌ر سیئۆل ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ بكات، ئه‌وا رێكاری توند و پێویست له دژیان ده‌گرنه به‌ر".
ئه‌م لێدوانه‌ی مووسه‌وی دوای ئه‌و راپۆرته هه‌واڵانه هاتووه، كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، سیئۆل تاوتوێی پلانێك ده‌كات، كه ئه‌و هێزه ده‌ریاوانییه‌ی له كه‌نداوی عه‌ده‌ن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌ته‌كانی ده‌ریا تایبه‌ت كردووه، بگوازێته‌وه بۆ گه‌رووی هورمز. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، ئێستا گرژی نێوان تاران و واشنتن له ناوچه‌كه گه‌یشتووه‌ته لێواری ته‌قینه‌وه.
H.B