حەشد ئەمەریکا بە هێرشی سەر بارەگاکەی تۆمەتبار دەکات

"ئامانجی هێرشەکە چەکی قورسی حەشدی شەعبی بووە"

K24 – هه‌ولێر:

محەمەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی میحوەری باکووری رێکخراوی بەدر و سەرکردە لە حەشدی شەعبی بە کوردستان24ی رایگەیاند، لە رووداوی بۆردومانکردنی پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین ئێمە ئەمەریکا تۆمەتبار دەکەین.

گوتیشی، ئەو تەکنیکەی لە بۆردومانکردنەکە بەکارهاتووە تەکنیکی داعش نییە، بەڵکو ئەوە دروستکراوی ئەمەریکییەکانە و بۆردومانەکەش کاری ئەوانە.

لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، پێنتاگۆن، رەتیدەکاتەوە هێزەکانیان پێگەیەکی چەکدارانی حەشدی شەعبیان لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆردومان کردبێت.

دوێنێ هەینی 19/07/2019، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی ئاشكرای کرد کە سه‌ربازگه‌ی شوهه‌دا لە پارێزگای سەڵاحەدین له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانه‌وه‌ دووجار بۆردومانكراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چەکدارێکی حەشدی شەعبی كوژراوە و دووی دیكەش برینداربوون.

دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەوە، ئامانجی هێرشەکە، مووشەکە بالسیتییەکانی حەشدی شەعبی و چەکە قورسەکان بووە.

H.J