جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا زانیاریی نوێ له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای هێزەکانی پێشمه‌رگه ئاشكرای ده‌كات، چەند کۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجام دراون، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بەڵێنێکی گەڕانەوە بە هێزەکانی پێشمەرگە نەدراوە, هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت: بەغدا لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوك جیددی نییە و ئەوەی ئێستا لەو پارێزگایه هەیە، تەنيا دۆخی وەستاندنی شەڕه.
له لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ـی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هاوكات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان گوتی: تا ئێستا چه‌ندین كۆبوونه‌وه له نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئه‌نجام دراون.
شێخ مسته‌فا گوتیشی: تا ئێستا له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم نه‌گه‌یشتوونه‌ته هیچ رێككه‌وتنێك.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ند لێژنه‌یه‌ك پێكهێنراون، كه خۆیان له لێژنه‌یه‌كی باڵا و 5 لێژنه‌ی لاوه‌كیدا ده‌بیننه‌وه.
له‌كاتێكیشدا یەکێك لەو بابەتانەی پەیوەست کراوە بە ئاساییبوونەوەی دۆخی کەرکووك، هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کوردە بۆ ئەو شارە، بەڵام وەك رێبوار تاڵه‌بانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، دۆخی ئێستای کەرکووك دۆخی راگرتنی شەڕە و لایه‌نی عێراقی جیددی نییه له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و شاره.
تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر چه‌ندین كۆبوونه‌وه له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجامێك، كه تێیدا دۆخه‌كه ئاسایی بكرێته‌وه، هه‌رچه‌نده 5 لێژنه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهێنراون، به‌ڵام هیچ له‌باره‌ی كاره‌كانی ئه‌و لێژنانه رانه‌گه‌یه‌ندراون و هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك له‌و دۆسیییه‌یه‌دا نه‌كراوه.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، به‌غدا هه‌رگیز پابه‌ند نابێت، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێ دا، ئێستا هێز به‌ده‌ست به‌غداوه‌یه و وه‌ك باویشه، هه‌ر لایه‌نێك هێزی به‌ده‌سته‌وه بێت، به ئاسانی ناهێته پێشه‌وه.
بە گوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان ٢٤, لە ماوەی رابردوودا چەند پێشنیازێك لە بارەی دۆخی ئەمنیی کەرکوکەوە خراونەتە ڕوو، لەوانە پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق, یانيش پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بە پاراستنی دۆخی کەرکووك, کۆتا پێشنیازیش کە لە کۆبوونەوەی دواییدا خراوەتە روو, بریتی بووە لەوەی کە هەموو هیزەکان لە کەرکوك بکشێنەوە و تەنيا پۆلیس لەو شاردا بمێنێته‌وه، هەرچی دەوروبەری کەرکووکیشە، لە ناوچە عەرەبییەکاندا, سوپای عێراق و لە ناوچە کوردنشینەکانیشدا هێزی پێشمەرگە بیپارێزێت.
H.B