ھۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

"ھیچ مەترسییەك بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران نییە"

K24 - بەغدا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە بەغداوە ئاشكرا دەكات و دڵنیایی دەدات كە ھیچ مەترسییەك بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نییە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان 24ی راگەیاند: "بە پێی یاسایی پڕۆژە بوودجەی ساڵی2019 وەزارەتی دارایی لە 18 تا 25ی هەموو مانگێک بە پێی لیستی ناوی فەرمانبەران مووچەی هەموو وەزارەتەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی دەکات تاکو دابەش بکرێت و هیچ مانگێک دوا نەکەوتووە ، تەنها ئەم مانگە نەبێ بە بۆنەی هەفتەی پشووی جەژنی قوربانەوە کەمێک دواکەوتووە و لەم رۆژانەوە تا سەری مانگ دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد: "وەزارەتی دارایی عێراق لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا واژۆی لەسەر مووچەی مانگانەی هەرێم كردووە".

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: "هیچ مەترسییەک لە سەر بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە و ناشبێت تاکو کۆتایی ساڵی 2019".

ھ.م