عەلی حەمە ساڵح وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە

پەرلەمانتارێکی پارتی هۆکاری نیگەرانییەکانی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ ئاشکرا دەکات

K24 – هه‌ولێر:

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، بە ناراستەوخۆ و بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێ وەڵامی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەداتەوە کە لە پۆستێکی فەیسبووکدا بڵاویکردبووەوە، ئەوەی دەنگ بە پرۆژەیاسای چاکسازیی بدات "بێ رەوشتە"، لە وەڵامدا عەلی حەمە ساڵح گووتی: "خەڵکی سلێمانی دەزانێت کە بێ رەوشت و کێ بەڕەوشتە".

لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا، لە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازیی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند: "بەگوێرەی یاساکە، ئەو پارەیەی کە بازرگانان قەرزاری حکوومەتن و لە وادەی خۆی پارەکەیان نەداوەتەوە کە بڕەکەی 800 ملیار دینارە، لێیان وەردەگیرێتەوە و رێکاریان بەرامبەر دەگیرێتە بەر و پارەکەش دەخرێتەوە سەر مووچە کەمەکان".

راشیگەیاند، بەهۆی ئەم ماددەیە، هەندێ لە پەرلەمانتاران دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا چونکە لە زیانی ئەو بازرگانانەیە کە قەرزداری حکوومەتن.

روونیشکردەوە، مەبەستی ئەو لەو کەسانەیە کە گووتویانە، ئەوانەی دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن، "بێ رەوشتن"، گووتیشی، خەڵکی سلێمانی دەزانن کێ بێ رەوشتە و کێ بەڕەوشتە.

لە لایەکی دیکەوە، لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، کاردانەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمان بەهۆی ماددەی 13 بوو، کە باس لە وەرگرتنەوەی قەرز لە کۆمپانیان و خاوەنکارانە دەکات کە لە نێوان ساڵی 2007 و 2013 قەرزێکی زۆریان لەسەرە و نەیانداوەتەوە بە حکوومەت.

چاكسازی بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە و لە وتاری دەستبەكاربوونیدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەڵێنیدا كە چاكسازیی لە كارە لە پێشینەكانی حكوومەت بێت.