واده‌ی گه‌یشتنی سی ڤی وه‌زیره‌كان ئاشكرا ده‌كرێت

رێكاره‌كانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ و ناردنی سی ڤی وه‌زیره‌كان بۆ په‌رله‌مان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات پێش 30 ئەم مانگە سیڤی کاندیدی سەرجەم وەزیرەکان دەگاتە پەرلەمان.

بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پەرلەمانتاران لە کاتی دەنگدان بە وەزیرەکان ناتوانن لەو رێککەوتنە دەربچن کە حزبەکانیان بۆ پێکھێنانی حکوومەت واژۆیان کردووە.

پەرلەمان چاوەڕێی گەیشتنی سیڤی وەزیرەکانی کابینەی تازەی حکوومەتی ھەرێمە، 48 ھەشت کاتژمێر پێش ئەو دانیشتنەی کابینەی نۆیەم سوێندی یاسایی تیادا دەخوات، سەرجەم پەرلەمانتاران سیڤی وەزیرەکانیان لەبەردەست دەبێت، سیڤیەکان پێشتر دەگەنە دەست سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، دواتر لە رێگای کارگێڕی پەرلەمانەوە دەگاتە دەست پەرلەمانتاران.

پێش ئەوەی پەرلەمانتاران متمانە بە وەزیرەکان و کابینەکە بدەن، لە رێگای ئەو سیڤیانەی لەبەر دەستیانە  لێکۆڵینەوە لە کەسی کاندیدکراو دەکەن، ئەوان دەڵێن پەرلەمانتاران ناتوانن لە رێککەوتنی سیاسی حیزبەکانیان لابدەن، بە لەبەرچاوگرتنی تواناو پسپۆریان، وەزیر تا وەزیرێکی دیکە، دەنگی کەم یان زیاتر بەدەست دەھێنێت.

سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو داوای لەلایه‌نە پێکھێنەرەکانی حکووومەت کردووە، سیڤی کاندیدی وەزارەتەکان پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی 30 حوزەيران کابینەی نۆیەم لە پەرلەمان متمانەی پێبدرێت، پێش ئەو کاتەش پێویستە پەرلەمانتاران ناسنامەی ھەموو ئەو وەزیرانە بۆ پەرلەمانتاران ئاشکرا بکرێت، بۆ ئەوەی دەنگیان پێبدرێت.

ئ. م