سزاکانی ئەمەریکا گرفت بۆ باخە گێلاسەکانی شنۆ دروست دەکات

500 تۆن گێلاس تەنیا لە شنۆ و دەورووبەری ئەو شارە بەرھەم دێت

K24 – هه‌ولێر:

شاری شنۆی رۆژھەڵاتی كوردستان بە شاری گێلاس ناسراوە، بەرھەمی گێلاسی ئەو شارە بچووكە بۆ ھەموو ئێران و وڵاتانی دیكەش دەنێردرێت، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی كاریگەری گەمارۆكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران نرخی گێلاس بەڕادەیەك بەرزبووەتەوە كە گرفتی بۆ باخدار و كڕیارانیش دروستكردووە.

رێژەی ھەڵاوسان لە ئێران بەرزبووەتەوە و گرانی زیادیكردووە؛ ئەمەش وایكردووە كە باخدارەكان بۆ ئەوەی ماندووبوونیان بە فیڕۆ نەچێ، بەرھەمەكەیان لەسەر كڕیاران زیاد بكەن.

جەعفەر شاولە نەژاد، میوەفرۆش، لەوبارەیەوە بە کوردستان24ی راگەیاند: "نزیكەی هەزار و 200 دۆنم لە زەوییەكانی شاری شنۆ باخی گێلاسن، دەیان جۆر گێلاسی نایاب و تایبەتمەندی ئەو ناوچەیە بەرھەم دەھێندرێت، ساڵانە نزیكەی دوو هەزار و 500 تۆن گێلاس تەنیا لە شنۆ و دەورووبەری ئەو شارە بەرھەم دێت".

راشیگەیاند: " گەمارۆكانی ئەمەریكا وایكردووە كە بێ سەروبەرییەك بە بازاڕی ئەو بەرھەمە خۆماڵییەش دیاربێت و باخدار و فرۆشیاران نرخەكەیان لەسەر خەڵك زیادكردووە و خۆشیان دەڵێن بەناچاری ئەو كارە دەكەن".

 H.J