گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک نزیک دەبێتەوە

"گەڕانەوەی پێشمەرگە شنگال تا خانەقین دەگرێتەوە"

K24 – هه‌ولێر:

ئەم مانگە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ناوچە كوردستانییەكان و سەرەتاش لە كەركووك دەست بە پڕۆسەكە دەكرێت.

بەشار كیكی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە كوردستان24ـی راگەیاند: "ئەوان ئاگاداری وردەكاری پلانی گەڕانەوەی پێشمەرگەن، ئەم مانگە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە و سەرەتاش لە كەركووك دەست بە پڕۆسەكە دەكرێت، دواتری لە ناوچە كوردستانییەكانی دیكە".

راشیگەیاند: "ئەمەریكا و لایەنی نێودەوڵەتی سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی پێشمەرگە چونکە ئەوان پێشمەرگە وەك ھێزێكی ئاشتی پارێز دەبینن و دەزانن ھەر شوێنێك لەژێر دەستی پێشمەرگە بێت، پارێزراوە".

پێشتریش، شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24ی ئاشکرا کردبوو کە بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەل پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبوونەتەوە و تیایدا ئەمەریکییەکان باسیان لە پێویستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و دەوروبەری کردووە.

گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە باسێکی گەرمی هەرێمی کوردستان و بەغدا، چەند فەرماندەیەکی باڵای هەردوولاش ئەو پرسەیان پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا مێکانیزمی گەڕانەوە و ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە دیاری نەکراوە.

H.J