ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس له‌ كاره‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌

قاسم سولێمانی له‌باره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی موهه‌ندیس له‌گه‌ڵ له‌ فالح فه‌یاز كۆبووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام داواكه‌ی ره‌تكراوه‌ته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە رێکخستنەوەی هەیکەلییەتی حەشددا، توانی ئەبومەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆکی دەستەکە لە پۆستەکەی دووربخاتەوە. پسپۆڕانی سیاسیش پێیانوایە، دوورخستنەوەی موهەندیس، بڕینی دەستی ئێران و پەراوێزخستنی ئەو کەسانەیە، کە تاوەکو ئێستا دڵسۆزییان بۆ تاران هەیە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر هەیکەلیەتی نوێی حەشدی شەعبی دەربڕی، کە لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەکە ئاراستەی کرابوو، بەگوێرەی هەیکەلییەتی نوێش، ئەبومەهدی موهەندیس لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

ئەبو مەهدی موهەندیس، یەکێکە لەو عێراقییانەی زۆرینەی تەمەنی لە ئێران بەسەربردووە و بەشداریشی لە چەندین چالاکی ئێرانییەکاندا دژی بە رژێمی پێشووی عێراق کردووە، ئەو جگە لەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی هەبوو، خاوەنی گرووپێکی چەکداریش بوو لەناو حەشددا، کە بەردەوام بەپێچەوانەی فەرمانەکانی حکوومەت هەڵسوکەوتیان دەکرد، بەتایبەت لە کێشەکانی نێوان تاران و واشنتن.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی عێراق رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی دوورخستنەوەی ئەبومەهدی موهەندیس کۆبووەتەوە، بەڵام فەیاز بە سلێمانی راگەیاندووە، بارودۆخی عێراق وادەخوازێت، موهەندیس لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، هەروەها نیگەرانی خۆشی بەرامبەر بە هەڵسوکەوتی گرووپەکەی راگەیاندووە.

لەبەرامبەریشدا، ئەبومەهدی موهەندیس هەیکەلییەتی نوێی حەشدی رەتکردووەتەوە و پێیوابووە، جگە لە پۆستی پێشووی هیچ پۆستێکی دیکەی بەلاوە گرنگ نییە.

H.B