نەبوونی رێرەوی گواستنەوە بەربەستە بۆ گرێبەستێکی گەورەی سووریا

هۆکاری سەرەکی پەککەوتنی رێککەوتنەکەیە

K24 – هه‌ولێر:

ژمارەیەک بەرپرسان و بازرگانانی رووسیا و کۆماری قرمی رووسیا و عێراق، ئامادەییان پیشانداوە گرێبەستێکی گەورە بۆ هاوردەکردنی مزرەمەنییەکانی سووریا بکەن، بەڵام دەڵێن نەبوونی رێڕەوی گواستنەوە هۆکاری سەرەکی پەککەوتنی رێککەوتنەکەیە.

بەڕێوەبەری گشتی دەستەی پشتیوانی و گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردەکردنی سووریا گوتی: ژمارەیەک لە بازرگانە گەورەکانی قرم و رووسیا ئامادەییان نیشاندەوە کە مزرەمەنییەکان لە سووریا بكڕن بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست بکەن، بەڵام کێشەی سەرەکییان نەبوونی رێڕەوە بۆ گواستنەوەی.

هەروەها دەشڵێت بازرگانە عێراقییەکان گرێبەستیان کردووە بۆ هاوردەکردنی 150 هەزار تۆن مزرەمەنی، بۆ ئەوەش هەناردەکارانی سووریا بە دوای رێڕەوی گونجاودا دەگەڕێن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

لە لایەکی دیکەشەوە وەزارەتی گواستنەوەی سووریا بڕیاری داوە، باج لەسەر سەرجەم بارهەڵگرە عێراقییەکان هەڵبگرێت کە لە دەروازەی قائیمەوە دەربازی خاکی سووریا دەبن، کە ئامانج لێی ئاسانکارییە لە جووڵەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و بە تایبەت هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە گشتی و مزرەمەنییەکان بە تایبەتی بۆ عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی کێشەی هەناردەکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان خاوەن باخی مزرەمەنییەکانی سووریا بەردەوام لە کێشەدان، کە بەرهەمەکانیان زۆر لە خواستی ناوخۆ زیاترە. بەوەش زۆربەی جار خەرجییەکانی بەرهەمهێنان زۆر زیاترە لە داهاتی خاوەن باخەکان بەوەش قازانجەکانیان سنووردار بووە، هاوکات هەندێک جار بەهۆی زیانکردن خاوەن باخەکان واز لە بەرهەمەکانیان دەهێنن و لە باخەکان دەڕزن و لێیان ناکەنەوە.

بەجۆرێک روویداوە کە جووتیار ئەو سندووقەی بە بەتاڵی بۆ هەڵگرتنی پڕتەقاڵ دەیکڕێت گرانتر بووە لەو سندووقەی کە پڕ بووە لە پڕتەقاڵ.