لە ئەنبار دوو سەربازی عێراق كوژران

چەند سەربازێكی دیكەش بریندار بوون

K24 - ھەولێر

لە تەقینەوەیەكدا لە رۆژئاوای ئەنبار 4 سەربازی سوپای عێراق كوژران و برینداربوون، لە باكووری رومادیش سەركردەیەكی داعش دەستگیركرا.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لە ناوچەیەكی بیابانی سەربە شارۆچكەی ھیت، لە رۆژئاوای پارێزگاكە، دوو سەربازی سوپای عێراق كوژران و دووی دیكەش برینداربوون.

ھەر بە گوێرەی زانیارییەكان، لە باكووری رومادیش یەكێك لە سەركردە سەربازییەكانی رێكخراوی داعش دەستگیركرا.

لەلایەكی دیكە ئەمەریكا ھێزی زیاتر رەوانەی رۆژئاوای ئەنبار و نزیك سنوورەكانی سووریا دەکات.

ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵ لە زاری فەرماندەیەكی سەربازی سوپای عێراق، كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرابكرێت، بڵاویكردەوە، ئەمەریكا ھێزی زیاتری رەوانەی رۆژئاوای ئەنبار و نزیك سنوورەكانی سووریا كردووە و لە ناوچەی تەنەفی دیوی عێراقی جێگیركراون، ھێزەكانیش بریتیبوون لە كاروانێكی ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری ھەمەر و چەكی قورس.

ئامانج لە رەوانەكردنی ئەو ھێزانەش، پاراستنی سنوورەكانی عێراق و رێگریكردنە لە پەڕینەوەی چەكدارانی داعش، بە تایبەت كە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی دوا ناوچەكانی بندەستی داعش لە دێرزوور لە سووریا دەستی پێكردووە.