واشنتن و ئەنقەرە چاوییان لەسەر ئەنجامی دادگاییکردنی قەشە ئەمەریکییەکەیە

ئەمڕۆ رەنگە چارەنووسی قەشەکە یەکلابکرێتەوە

K24- هه‌ولێر:

بۆ جاری چوارەم ئەمڕۆ هەینی قەشە ئەندریو بڕونسۆن لە شاری ئیزمیر لە تورکیا دادگایی دەکرێت و ئەنجامی ئەو دادگاییکردنەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا دەبێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئێن بی سی، کۆشکی سپی گەشبینە بەوەی بەم نزیکانە ئەو قەشە ئەمەریکییە کە ماوەی دوو ساڵە بە تۆمەتی "تیرۆر و کودەتا" دەستگیرکراوە، ئازاد دەکرێت.

پێشتریش چەند بەرپرسێک لە کۆشکی سپی ئاشکرایان کردبوو کە واشنتن و ئەنقەرە لەسەر چارەنووسی بڕونۆسۆن گەیشتوونەتە رێککەوتن.

ئەگەر ئەمڕۆ دادگای ئیزمیر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی قەشەکە کراون بەسەریدا ساخبکاتەوە، ئەو بڕونسۆن دەبێت 35 ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەر ببات.

لە ئابی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چەند سزایەکی ئابووری بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند و داواشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا کرد کە هەرچی زووترە ئەو قەشە "بێ تاوانە" ئازاد بکات.

H.J